image


پەیامی کورد... نزیکەی ٥٠٠ دار لە سنووری سلێمانی سووتان

پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە لە گوندی بێستان سووری سەر بە ناحیەی عەربەتی پارێزگای سلێمانی نزیکەی ٥٠٠ درەخت لە جۆری (بی و چنار) سووتان.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٣ی تەممووزی ٢٠٢٢، لە ڕاگەیەندراوێکیدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاوی کردەوە، "دوای ئەوەی زانیاریمان پێگەشت لە گوندی بێستان سوور ئاگرێک کەوتووەتەوە، دەستبەجێ مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی تانجەرۆ بۆ شوێنی ناوبراو دەرچوون، هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوەکە نادیارە، کە بووەتە هۆی سووتانی نزیکەی ٥٠٠ داری بی و چنار.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پۆلیس بەمەبەستی دۆزینەوەی تۆمەتباری سەرەکی ڕووداوەکە، بە بڕیاری دادوەر، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەکە کردووەتەوە.

لە ماوە هەفتەیەکدا، ئەمە دووەم ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەیە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، پێشتر لە ڕۆژی ٢٧ی حوزەیرانی ڕابردوودا، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕایگەیاند "بە هۆکارێکی نادیار ئاگرێکی فراوان لە سنووری گوندی کانی سارد-ی ناحیەی سیتەک کەوتەوە، دەستبەجێ مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستانی سیتەک گەیشتنە شوێنی مەبەست و بە هاوکاری بنکەی ئاگرکوژێنەوەی سیتەک توانیان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، کە بە هۆییەوە نزیکەی شەش دۆنم پووش و پاوەن و ڕەز و باخی هاووڵاتییان سووتان".