
پەیامی کورد … کوژرانی کۆڵبەرێکی لاو لە سنووری بانە
کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی بانە لە کاتی کۆڵبەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان کوژرا و کۆڵبەرێکی دیکە بریندار بووە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٤ی ژانویەی ٢٠٢٢، هێزە چەکدارەکان لە سنووری “کێلێ” تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و کۆڵبەرێک کوژراووە.
ناسنامەی ئەم کۆلبەرە ٢٤ ساڵەی کە کوژراوە، مێهران ڕەحمانی ڕاگەیەندراوە. خاڵۆی مێهرانیش بە ناوی ئیبراهیم ڕەحمانی ٤٥ ساڵ، هاوکات بریندار بووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو کۆڵبەرە کەخەڵکی گوندی “مەنیجەڵان” سەر بە شاری بانە بوون، لە کاتێکدا دراونەتە بەر دەسڕێژی گووڵە کە لە حاڵی گەڕانەوەدابوون و هیچ کەل و پەلێکیان پێ نەبووە.
شایانی باسە هەر دوو کۆڵبەرەکە خێزاندار و هەروەها هاوژینی مێهران ڕەحمانی کە دوو ساڵ پێش ژیانی هاوبەشیان پێکهێنابوو، دووگیانە.