image

پەیامی کورد      ...  ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان : ئەمریکا ئەگەر لە عێراقیش بکشێتەوە لە ھەرێمی کوردستان دەمێننەوە

ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ووتی، ئەمریکا ئەم جارە وەکوو ساڵی ٢٠١١ عێراق بەتەنھا جێ ناھێڵێت و ناکشێتەوە، چوونکە ئەو کاتە کە عێراقی جێ ھێشت زیانی زۆر بەر عێراق کەوت و دۆخی ئەمنی عێراق بەتەواوی تێک چوو. ئاماژەیشی دا، ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەمریکا زۆر گرینگە و ئەگەر لە عێراقیش بکشێنەوە لە ھەرێمی کوردستان دەمێنێنەوە.

بابەکر زێباری، ووتی: "ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١١دا کاتێک ھێزەکانی لە عێراق کشاندەوە زیانی زۆر بەر عێراق کەوت، لە کاتێکدا بڕیار بوو سوپای عێراق تاوەکوو ٢٠٢٠ خۆیان ڕێک بخەنەوە و ووڵات بەڕێوە ببەن، بەڵام نەیانتوانی ئەو کارە بکەن، بگرە دۆخی عێراق لە ڕووی ئەمنییەوە زۆر خراپ بوو و بەتەواوی تێک چوو."

ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری سەربازی ووتیشی: "ئەو کاتە ئەمریکا پێش ئەوەی لە عێراق بکشێتەوە ھەموو ھاوکارییەکی لە ڕووی مەشق و ڕاھێنان و پڕچەککردن و پێداویستی لۆجستی بۆ ھێزە عێراقییەکان دابین دەکرد، بەڵام فشاری زۆری وڵاتان لەسەر عێراق ھەبوو، سوور بوون کە ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە."

بابەکر زێباری باسی لەوەش کرد: "ئەمریکا ھەمان سیناریۆی ٢٠١١ دووبارە ناکاتەوە و لە عێراق ناکشێتەوە، چوونکە ئێستا فشاری کەمتریش لەسەر عێراق ھەیە و بەردەوام ھاوکاری عێراق و ھەرێمی کوردستانیش دەکات، لە ھەموو بوارەکاندا وەکوو ئاسمانی و ھەواڵگری و پرچەککردن و مەشق و ڕاھێنان. جگە لەوەش، ھاوکاری عێراق و ھەرێمی کوردستان دەبێت لە ڕووی سیاسی و ئابووریشەوە."

ووتیشی: "ھەرچەندە ئەمریکا لە عێراق ناکشێتەوە، بەڵام ئەگەر لە عێراقیش بکشێتەوە لە ھەرێمی کوردستان دەمینێتەوە، چوونکە خۆم زۆر جار لەگەڵ ئەمریکییەکان دانیشتووم، باسیان لەوە کردووە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوان زۆر گرینگە لە ھەموو ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست و خەڵکی ھەرێمی کوردستانیش ئەوانیان خۆش دەوێت و جگە لەوەش شوێنی ھەرێمی کوردستان کە دەکەوێتە نێوان چەندین ووڵات ئەمەش گرینگی زۆری بۆ ئەوان ھەیە."

ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری سەربازی ڕاشیگەیاند: "ئەو ھێرشانەی دەکرێتە سەر بنکەکانی ھاوپەیمانان لەلایەن ھێزە میلیشیایییەکانی عێراقەوە، ھاوکاری لە حکوومەتی عێراق وەردەگرن، بەڵام حکوومەتی عێراق دەسەڵاتی بەسەر ئەواندا نییە، ئەمەش مەترسییە بۆ سەر حکوومەتی عێراق و واتای ئەوە دەدات کە ھێشتا عێراق پێویستی بە ئەمریکا ھەیە."

بابەکر زێباری ڕوونیشی کردەوە: "ئەمەریکاش تاوەکوو ئێستا وەکوو پێویست کاردانەوەی نەبووە بەرانبەر ئەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر بنکەکانی ئەوان و ئەم ئیدارەی تازەی ئەمریکا ھەندێک جیاوازترە و سسترە لەوەی ڕابردوو، بۆیە پێویست بوو ئەوانیش کاردانەوەیان ھەبێت بەرانبەر ئەو ھێرشانە دەکرێتە سەر بنکەکانیان لەلایەن میلیشیاکانەوە."