image

پەیامی کورد     ...     وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری پێكھاتەكان :  كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئاگاداری دۆخی خراپی ناوچە كوردستانییەكان كراوەتەوە

وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری پێكھاتەكان لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، دۆخی پێكھاتەكان لە ھەرێمی كوردستان زۆر باشە و چەند راسپاردەیەكیشمان بۆ باشتركردنی دۆخیان داوەتە حكوومەت، ئەوانیش پشتگیری و پێشوازییەكی باشیان لێ كردووە، بە تایبەت سەرۆكی حكوومەت، بەڵام لە عێراق دۆخیان خراپە و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیمان لەو دۆخە خراپە بە تایبەت لە ناوچە كوردستانییەكان، ئاگادار كردووەتەوە.

ئایدن مەعرووف، وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری پێكھاتەكان لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند : چەند راسپاردەیەكمان ئاراستەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كردووە و چەند پێشنیازێكیشمان كردووە، حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش پشتگیری ئێمەیان كرد و پێشوازییان لەو راسپاردانە كرد كە پێشكەشمان كردوون، چونكە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەمیشە پاڵپشتی لە پێكھاتەكان و مافەكانیان دەكات و جەخت لەسەر پاراستنی سەرجەم پێكھاتەكان بێ جیاوازی دەكاتەوە، ئەمەش گرنگییەكی زۆری بۆ پێكھاتەكان ھەیە".

مەعرووف گوتیشی: "لە راسپاردەكاندا ھاتووە، كە ساڵانە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بوودجەیەكی تایبەت بۆ پێكھاتەكان تەرخان بكات بۆ گرنگیدان و نۆژەنكردنەوەی شوێنە ئایینییەكان و سەنتەرەكانی پێكھاتەكان و گرنگیدان بە یاسای پاراستنی پێكھاتەكان، كە یاساكە لە پەرلەمان دەرچووە، بۆ ئەوەی زیاتر كاری لەسەر بكرێت، بۆیە حكوومەت پشتگیرییان لە راسپاردەكانی ئێمە كرد، بە تایبەت سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئەمەش بایەخی خۆی ھەیە لەم كاتەدا حكوومەت گرینگی بە پێكھاتەكان دەدات، لە كاتێكدا دۆخی پێكھاتەكان لە عێراق خراپە، بە تایبەت لە ناوچە كوردستانییەكان رۆژانە پێشێلكارییان بەرامبەر دەكرێت".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "بەپێی ئەو بەدواداچوونەی كراوە لەبارەی رەوشی پێكھاتەكان لە عێراق و ھەرێمی كوردستان، لە ھەرێم دۆخیان زۆر باشترە و بوونیشیان زیاترە، بەڵام لە عێراق دۆخیان باش نییە، بۆیە بۆ ئەو مەبەستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیمان لێ ئاگادار كردووەتەوە و ئەوانیش خۆیان ئاگاداری دۆخ و رەوشی پێكھاتەكانن لە ھەموو ناوچەكان".