
پەیامی کورد... وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران: حکومەتی عێراق گەرەنتی داوە چالاکیی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رابگرێت
وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران لەبارەی چالاکیی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، "بە هاوکاریی حکومەتی عێراق و ئەو گەرەنتییانەی دراون، هیوادارین ئاسایشی ناوچە سنوورییەکان دابین بکرێت".
ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی ئایاری 2023، رایگهیاند: "ئەگەر هەر جۆرە نائەمنییەک لە ناوچە سنوورییەکاندا رووبدات، هێزە چەکدار و دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێران، وەڵامێکی تووند دەدەنەوە".
ئەم وتەیە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە 20ی ئایاری 2023، محەمەد پاکپور، فەرماندەی هێزی وشکانیی سوپای پاسداران رایگهیاند: "رێککەوتننامەیەک لەگەڵ حکومەتی عێراق کراوە و ئەوان بەڵێنیان داوە گرووپە تیرۆریستییەکان (حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان) چەک بکەن و لەو وڵاتە دەریان بکەن".
محەمەد پاکپور وتیشی: "چاوەڕوانین حکومەتی عێراق بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات و دەرفەتمان پێی داوە، ئەگەر بێتوو هیچ شتێک روونەدات، سوپای پاسداران تۆپبارانەکانی دەستپێدەکاتەوە".
لە پاییزی ساڵی رابردوودا و هاوکات لەگەڵ فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، سوپای پاسداران بە درۆن، مووشەک و تۆپ هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان.
کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی پاردا هەبووە و خەڵکیان دنە داوە.
حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام وتوویانە، دۆخی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو دەگرن و نایانەوێت ئاسایشی تێکبچێت.