image


پەیامی کورد... وەزارەتی دەرەوەی ئێران: رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران بەشێکی جێبەجێنەکراوە


ئێران بەفەرمی سوربوونی خۆی لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی ئاسایشی نێوان وڵاتەكەی و عێراق دوپاتكردەوەو رایگەیاند، رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران بەشێکی جێبەجێنەکراوە، ھیچ نەرمیەکیش بۆ جێبەجێنەکردنی تەواوی رێکەوتنەکە نانوێنن.

ئەمڕۆ دووشەممە ناسڕ کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە لیژنەیەک نێردراوەتە ھەرێمی کوردستان و دڵنیایی دراوە لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە.

وتیشی ئێران سورە لە جێبەجێکردنی سەرجەم بڕگەکانی ئەو رێکەوتنەو نەرمی لەو بارەیەوە نانوێنێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وتیشی: دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان خۆیان بە پابەندی رێککەوتنەکە دەزانن، لە راپۆرتەکانیاندا کە پێیانداوین رایانگەیاندووە کە بارەگای گروپەکان چۆڵکراوەو بۆ ناو قوڵایی خاکی عێراق گواستراونەتەوە.

دوێنێ یەکشەممە، وەفدێکی ئەمنیی عێراق و ھەرێمی کوردستان، كەپێكهاتبوون لە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بە سەرۆکایەتی وەفدەكەو رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمیش یاوەری دەکرد چوونە تاران، مەبەستی سەردانەکە بۆ تەواوکردن و جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان ئێران و عێراق بوو، بە پێی رێککەوتنەکە پێویستە هەموو هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە هەرێمی کوردستاندا لە چەک دابماڵرێن.

بەپێی رێككەوتننامەی ئاسایشی نێوان ئێران و عێراق دوا وادەی چەکداماڵینی گروپەکانی دژ بە ئێران لە کوردستانی عێراق 19ی ئەیلول بوو، ئەو وادەیە کۆتایی هات.
ئێران جەخت لەجێبەجێکردنی تەواوەتیی رێککەوتنی چەکداماڵێنی حزبەکانی رۆژھەڵات دەکاتەوە، عێراقیش دەڵێت لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، ١٢ خاڵی سنوورییان لەگەڵ ئێران داناوە.