image

پەیامی کورد    ...   وەزیری تەندرووستی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ئاستی تووشبوون بە کۆرۆنا هۆشداری دەدات

وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بارودۆخی کۆرۆنا لە ئاستی بەرزبوونەوەدایە بۆیە ھانی ھەموو خەڵکی دەدەین لە وەرگرتنی ڤاکسین، چوونکە زیاتر لەسەدا ٧٠ی نەخۆشەکان تووشبووی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆنن.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە ھەرێمی کوردستان ٢٨٣٣ ھاووڵاتی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە، ھاوکات ٧ ھاووڵاتیش بەو پەتایە گیانیان لە دەست داوە، پەیوەست بە بارودۆخی کۆرۆناو چەند بابەتێکی تر، لە لێدوانێکی تایبەتدا دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: "دۆخی کۆڕۆنا لە ھەرێمی کوردستان لە ئاستی بەرزبوونەوە و بڵاوبوونەوەدایە، بەڵام ھێشتا بەردەوامین لە خۆپارێزی و دەبێت ھاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندرووستی، ھاوکات زیاتر لەسەدا ٧٠ی نەخۆشەکانیش تووشبووی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆنن، ھەروەھا بارودۆخی تووشبووەکان جیاوازە بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بارودۆخی تووشبووەکان خراپ نیە".

لەبارەی پێدانی ڤاکسین، بەرزنجی، ئاماژە بەوەش دەکات و دەڵێت: "ڤاکسین لێدان لە ھاووڵاتیان بەردەوامەو ڕێژەکەش لە بەرزبوونەوەدایە، ئێمەش بەردەوامین لە دابینکردنی ڤاکسین بۆ ھاووڵاتیانمان، ھاوکات بڕیارمانداوە منداڵانی سەرووی ٦ ساڵیش دەتوانن ڤاکسین وەربگرێت، بۆیە ھانی ھەموو خەڵکی دەدەین لە وەرگرتنی ڤاکسین".

سەبارەت بە دواین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆناش، وەزیری تەندروستی رایگەیاند: "لە دووھەفتەی ڕابردوودا کۆبوونەوە کراوە و بڕیارەکان لە بواری جێبەجێکردندان، جارێ ھیچ کۆبوونەوەیەکی تر لە ئارادا نیە چوونکە ھێشتا بڕیارەکان لە بواری جێبەجێکردندان".

پەیوەست بە بڕیارەکەی وەزارەتی ئەوقافیش، سامان بەرزنجی روونی کردەوە: "کە ئەمە بڕیاری لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بوو سەبارەت بە دانانی پرسە، لیژنەی باڵا لە دوا کۆبوونەوەی بڕیاریدا ئەمساڵ ڕێکخستنی پرسە بە شێوازێکی تەندروست بێت، لەبەر ئەوەی بەداخەوە پرسە چووبووە ناو ماڵ و ناو گەڕەک و کۆڵانەکان و لە ژوورە بچووکەکانی ناو ماڵەکان دوور لە چاوی ئێمە پرسە دادەنرا، بەڵام ئێستا وەزارەتی ئەوقاف ڕاسپێردرا لەلایەن لیژنەی باڵاوە کارو ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر".