image



پەیامی کورد... وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێمی کوردستان: له‌مساڵدا 72 حالەتی نوێی ئایدز دەستنیشانکراوە کە زۆربەیان بیانین


بە دروشمی "با کۆمەڵگاکان پێشڕەوی بکەن"، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێم له‌ رۆژی جیهانیی نه‌خۆشیی "ئه‌یدز" ئاشكرایكرد كه‌ له‌مساڵدا 72 حالەتی نوێی ئایدز له‌ هه‌رێم دەستنیشانکراوەو زۆربەی حاڵه‌ته‌كان هاوڵاتیی بیانین.

له‌ په‌یامێكدا كه‌ به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێم ده‌ڵێت: ڕۆژی جیهانی ئەیدز، دەرفەتێکی جیهانییە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و یەکخستنی هەوڵی دەزگا پەیوەندارەکان و خستنەڕووی هاوکاری و پاڵپشتیە بۆ توشبوانی نەخۆشی ئەیدز.

ده‌شڵێت: لە هەرێمی کوردستان لە پڕۆگرامی کۆنتڕۆڵکردن دا ئەمساڵ لەماوەی 10 مانگی ڕابردوو، نزیکەی 598 هەزار تێستی پشکنینی خوێن بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئەنجام دراوەو هەموو حالەتەکانی نوێ و ساڵانی ڕابردووی دانیشتووی هەرێمیش لەژێر چاودێری تەندروستی و خۆپارێزی دان کە بەردەوام پشکنینی پێویست و چارەسەر و هۆشیاری تەندروستی یان پێ دەدرێت.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی:

١ ی دیسێمبەر ((ڕۆژی جیهانی ئەیدز))
بە دروشمی "با کۆمەڵگاکان پێشڕەوی بکەن"

پەیامی ھۆشیاری تەندروستی و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی نەخۆشی ئەیدز بەتەواوی مرۆڤایەتی بۆ سەرجەم تاک و کۆمەڵگاکان لەسەرتاسەری جیھان لەم ڕۆژەدا دەدرێت، کە رۆڵی کاریگەر و ئەرێنی دەبێت لە روبەڕووبونەوە و کەمکردنەوەی تووشبوون بە ڤایرۆسی نەخۆشی ئەیدز بە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزی و دوورکەوتنەوە لەو ئەگەرانەی کە دەبنە ھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نەخۆشی ئەیدز HIV.
ڕۆژی جیهانی ئەیدز، دەرفەتێکی جیهانی یە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و یەکخستنی هەوڵی دەزگا پەیوەندارەکان و خستنەڕووی هاوکاری و پاڵپشتیە بۆ توشبوانی نەخۆشی ئەیدز.

لە جیهاندا نزیکەی 40 ملیۆن مرۆڤ ڤایرۆسی کەمی بەرگری لەش (ئەیدز) HIV یان هەیە و ساڵانە نزیکە یەک ملیۆن کەس دەمرێت و نزیکەی دوو ملیۆنی تریش وەک توشبووی نوێ دەبنە قوربانی، هەرچەندە تائێستا ئەیدز چارەسەری بنبڕکەری نیە بەڵام دەرمانی دژەڤایرۆسی زۆر کاریگەر هەن کە دەتوانن کۆنتڕۆڵی نەخۆشیەکە تاڕادەیەک بکەن و دەرفەت بە توشبوو بدەن ژیانێکی ئاسایی وەک هەر کەسێکی تر بژیت ئەمەش دەسکەوتێکی پزیشکی مەزن بوو کە ژیانی ملیۆنان توشبووی ئەیدزی ڕزگارکرد، بەجۆرێک بەکارهێنانی دەرمان ڕێژەی مردنی ٥٦ ٪ کەمکردۆتەوە هەروها هۆکاری کەمبونەوەی لە ٤۰٪ ی توشبوی نوێ یە چونکە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پێشگیری و خۆپارێزی لەنەخۆشی ئەیدز بەڵام هاوکات هەڵگری ڤایرۆسەکه بەبێ بەدیارکەوتنی هیچ نیشانەیەک مەترسی گەورەی بڵاوبوونەوەیە.

لە هەرێمی کوردستان لە پڕۆگرامی کۆنتڕۆڵکردن دا ئەمساڵ 2023 لەماوەی دە مانگی ڕابردوو، نزیکەی 598,000 پێنج سەد و نۆهەت و هەشت هەزار تێستی پشکنینی خوێن بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئەنجام دراوە، بەتایبەتی بۆ هەموو کەسانی بیانی پێش پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێ و هەموو بوتڵێکی خوێنی بەخشراو و پشکنینی پێش هاوسەرگیری و کرێکاری شوێنە گەشتیاریەکان و ڕاگیراو و حوکمدراوانی ناو چاکسازیەکان و نەخۆشانی گورچیلەی درێژخایەن و سیل و هەوکردنی جگەر و تالاسیمیا و هەموو ئەوانەی نەشتەرگەری یان هەر پڕۆسەیەکی پزیشکی بەرکەوتن یان بۆ هەر پشکنینێکی ڕۆتینی بۆیان ئەنجام دراوە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی ئەیدز، سەڕەڕای چەندین چاڵاکی هۆشیاری تەندروستی و دابینکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستی پشکنین.

لەنێو دەرەنجامی پشکنینەکاندا، تەنها 72 حالەتی نوێ دەستنیشانکراوە کە بەشی هەرە زۆریان هاوڵاتیانی بیانی و هاوڵاتی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن و کاری پێویست بەرامبەریان ئەنجامدراوە و تووشبووانی بیانی گەڕاونەتەوە وڵاتانی خۆیان و هەموو حالەتەکانی نوێ و ساڵانی ڕابردووی دانیشتووی هەرێمیش لەژێر چاودێری تەندروستی و خۆپارێزی دان کە بەردەوام پشکنینی پێویست و چارەسەر و هۆشیاری تەندروستی یان پێ دەدرێت.

ئەیدز نەخۆشییەکی ڤایرۆسی درمە واتا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە بەهۆی ڕێگاکانی خوێن یان سێکس یان دایک بۆ کۆرپە یان هەر بەرکەوتەیەکی ڕاستەوخۆی خوێن و دەردراوەکانی دیکەی تووشبوو. نەخۆشییەکە لە دەرەنجامی کۆتاییدا پێی دەووترێت ئەیدز (AIDS) بەهۆی هەڵگری،و تووشبوون بە ڤایرۆسی HIV و مانەوەی بۆماوەیەکی درێژ تا ئەگەری چەندین ساڵیش بەبێ هیچ نیشانەیەک. ھۆکاری سەرەکی مردن لە تووشبوانی نەخۆشی ئەیدز ڕاستەوخۆ ڤایرۆسەکە نییە، بەڵکو کاریگەریی لاوەکی و ئاڵۆزکانەکانی ڤایرۆسەکەیە لەسەر دابەزاندن و کەمکردنەوەی بەرگریی لەشی تووشبوو کە وادەکات تووشبوو بەرگری نەخۆشیە درمەکانی تر و نەخۆشیەکانی شێرپەنجە نەکات.

خۆشبەختانە لە هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە وڵاتانی جیهان، کەمتریین تووشبووی ئەم ڤایرۆسە تۆمارکراوە بە ھۆکاری سەرەکی پابەندبوون بە بەھا کۆمەڵایەتی و کەلتوری و ئاینی و پتەوی بەرنامەکانی پەتازانی لە هەرێمی کوردستان.

لەم ڕۆژەدا، پەیاممان بۆ هاووڵاتیان ئەنجامدانی خۆ وویستانەی پشکنینی ڤایرۆسی ئەیدزە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و دۆزینەوەی حالەتەکان. هەروها دورکەوتنەوە لە ڕەفتارە مەترسیدارەکان وەک کاری سێکسی لەدەرەوەی ژیانی هاوسەری و دوورکەوتنەوە لە تاتۆکردن و بەکارنەهێنانی دەرزی و سرنجی بەکارهاتوو و دوورکەوتنەوە لە ماددە هۆشبەرەکان. هۆشیاری و ناسینی نەخۆشی ئەیدز و ئاشنابوون بەڕێگاکانی گواستنەوە و خۆپاراستن لێی، بەهێزترین چەکی خۆپارێزی و بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەخۆشیەیە.

بەهیوای پابەندبوونی سەرجەم هاوڵاتیان بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و خۆپارێزی لە نەخۆشیە گواستراوەکان.

وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان