image

پەیامی کورد     ...   ڕوونکردنەوەیەکی گرینگ لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێ كردنی هەرێم سەبارەت بە مەترسی لە توونێلێکی هەولێر

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێ كردنی هەرێم رایگەیاند، دوای بەدواداچوونی تەكنیكی بۆ تونێلی ماوەران لە نزیك قەزای شەقڵاوە لە پارێزگای هەولێر، دەرکەوت توونێلەكە درزی نەبردوە و پێکهاتە تونێلەكە سەلامەتەو هیچ مەترسییەك لەسەر داڕمانی نییە.
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێ كردن لە روونکردنەوەیەکدا باسی لەوەشکردوە، "دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەوەی گوایە درزێك لە توونێلی ماوەران لە نزیك قەزای شەقڵاوە درووست بوە و مەترسی لەسەر توونێلەکە هەیە، بەدواداچوون کرا و دەرکەوت بابەتەكە بەوشێوازە نیەو ئەوەی هەیە، درووستبوونی چەند گرفتێكە لە پۆڕتاڵی دیواری دەرەوە، وەكوو كەوتنی چەند شوێنێك لە لاشانەكان یاخود بوونی چەند درزێك لە دیوارەكە ئەویش تەنها چینی ڕووپۆشی دیوارەكەی دەرەوەیە هیچ پەیوەندیەكی بە خودی توونێلەكەوە نییە."

توونێلی ماوەران بەشێكە لە پڕۆژەی درووستكردنی جووتسایدی كۆڕێ- شەقڵاوە- قەندیل، بە درێژی ٩٣٥م، پێكهاتوە لە دوو سایدی چوون و هاتن، گشت بڕگەكانی شارستانی لەناو تونێڵەكە تەواو بوە، ئەوەی ماوە بڕگەكانی ئیلیكترۆمیكانیكی و كارەبایی ناوەوەیە، پڕۆژەكە بە گشتی لە ٨٦٪ی كارەكانی تەواو بوە.

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە لەبارەی تەواوکردنی پڕۆژەکەش دەڵێت،  ئەو كەموكوڕیانەی دروست بون لە ئەنجامی ڕاوەستان و كارنەكردنە لە پڕۆژەكەدا كە بەهۆی قەیرانی دارایی و خەرج نەكردنی شایستە داراییەكانی بەڵێندەر، ماوەی ٦ ساڵە ڕاوەستاوە.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، لەسەر داوای هاتووچۆی هەولێر و لەسەر فەرمانی پارێزگای هەولێر بە مەبەستی كەمكردنەوەی بەشێك لە ترافیكی سەر ڕێگای قەزای شەقڵاوە بەتایبەتی ڕۆژانی پێنج شەممە و هەینی كە خەڵك بۆ گەشت سەردانی ناوچەكانیان دەكرد ئەم ڕێگایە كرایەوە، هەرچەندە ڕێگاكە و توونێڵەكە تەواو نەكراون و پڕۆژەكە وەستاوە و هاتووچۆ پێیدا پەسەند و گونجاو نییە.