image

پەیامی کورد   ...  ووتەبێژی شارەوانی هەولێر : خزمەتگوزاری دەگەینینە هەموو گەڕەکەکانی هەولێر

ووتەبێژی شارەوانی هەولێر ئاشکرای کرد، دەستمان بە دروستکردن و قیرتاوکردنی کۆڵانەکانی هەولێر کردووە و زیاتریش کۆڵانە هەژارنشینەکان و ئامانجمانە خزمەتگوزاری بگەینینە هەموو گەڕەکەکانی هەولێر.

سیامەند کەریم ڕایگەیاند : ''دەستمان بە جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژە کردووە لە شاری هەولێر، وەکوو دروستکردن و قیرتاوکردنی شەقامەکان، لەوانە گەڕەکی هەولێری نوێ و گەڕەکی ڕۆشنبیری و سێبەردان، بۆیە بەردەوام دەبین لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ کۆڵانەکانی شاری هەولێر، کە بەشێکی لەسەر ١٥%ی داهاتی شارەوانییە و بەشێکیشی لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگایە.''

ووتەبێژی شارەوانی هەولێر ووتیشی: ''ئامانجی سەرەکی شارەوانی هەولێر ئەوەیە کە هەموو ئەو کۆڵان و شەقامانە قیرتاو بکرێن کە پێویستیان بە قیرتاوکردنە تاوەکوو وەرزی زستان دێت.''

ووتیشی: ''لە ئەنجامدانی پڕۆژەکان بەردەوام دەبین و دەتوانم بڵێم تا وەرزی زستان دەتوانین کۆنترۆڵی تەواوی ئەو شوێنانە بکەین کە پێویستیان بە خزمەتگوزارییە، بەتایبەت قیرتاوکردن و زیاتریش خزمەتگوزاری بۆ ئەو شوێنانە دابین دەکرێت کە هەژار نشینن و زیاتر پێویستیان بە خزمەتگوزاری هەیە.''