
پەیامی کورد... ١١ پرۆژەی دیکەی ستراتیژیی ئاو، لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەکرێن
حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، ئێستا ٨١ پرۆژەی بەرهەمهێنانی ئاو، ڕۆژانە لەسەر ڕووبارەکان کار دەکەن و بڕیاریشە ١١ پرۆژەی دیکەی ستراتیژیی ئاو، لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ بکرێن، ئەمەش گرفتی کەمئاوی بە ڕێژەیەکی زۆر چارەسەر دەکات.
جەختیش دەكرێتەوە ڕۆژانە دوو ملیۆن و ٧٨٤ هەزار و ٦٠٦ مەتر سێجا ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت، کە تێچووی ساڵانەی ٥٥٢ ملیار دینارە.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی، ١١ پرۆژەی ستراتیژی لە پلانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و وەزارەتی شارەوانیی حکوومەتی هەرێمەوە جێبەجێ دەکرێن، ئێستا ٥٠% ـی بەرهەمهێنانی ئاو لە ڕێی بیرەکانەوەیە، ٥٠% ـی تر لە ڕێگەی پڕۆژەکانی ئاوی سەرزەوییەوەیە؛ بە تەواوبوونی ١١ پرۆژەکەی ئاو، ٨٠-٨٢% ـی دابینکردنی ئاو پشت بە ئاوی سەرزەوی دەبەستێت، کە بەهۆیەوە ئاوی ژێرزەوی دەپارێزرێت و بیرەکان دادەخرێن، لە هەمان کاتدا ئاو ئاسانتر بە هاووڵاتییان دەگات."
بە پێی پێوەری نێودەوڵەوتی، بەکارهێنانی ئاو بۆ هەر تاکێک لە ڕۆژێکدا ٢٥٠ لیترە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بڕی بەکارهێنانی ئاو بۆ هەر تاکێک ٥٠٠ لیترە، بەمەش هاووڵاتییان زیاتر لە ئاستی دیاریکراوی نێودەوڵەتی ئاو بەکار دەهێنن.
ئاری ئەحمەد، لەبارەی پاراستنی سامانی ئاوەوە گوتی: "هۆشیاریی بەکارهێنانی ئاو زۆر گرنگە، زۆرجار هاووڵاتییان ئاوێکی زیاتر لە پێویستیی خۆیان بەکار دەبەن، هەروەها دروستبەکارنەهێنانی ئامێرەکان لە ماڵەوە، دەبێتە هۆی بەفیڕۆچوونی زیاتری ئاو، وەکوو جلشۆر و قاپشۆر و دووش و کەرەستەکانی دیکە کە دەکرێت وریایانەتر، لەپێناو کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو بەکار بهێنرێن. ئەوەی ئێمە داوای دەکەین، شتێک نییە لە سەرووی توانای هاووڵاتییانەوە بێت."
ساڵانە بەهۆی فراوانبوونی جووڵەی شارستانی و گەورەبوونی شارەکانی هەرێمی کوردستان، پێویستییەکان بۆ بەکارهێنانی ئاو زیاد دەکەن. حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە ڕێکخستنی بواری بەکارهێنانی ئاو، دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان بە ئەرکی لەپێشینەی خۆی دەزانێت و لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو خواستە نوێیانە بەردەوام دەبێت.