
پەیامی کورد ... کارگەیەکی ئاو لە ڕوڤیا بوەتە سەرچاوەی بژێوی دەیان خێزان
بەڕێوبەری کارگێڕی کارگەی ئاوی ڕوڤیان لە ناحیەی ڕوڤیا ووتی : کارگەی ئاوی ڕوڤیان 15ساڵە دامەزراوە و بەردەوامیش لە فراوان بوون دایە، ئێستا ئاو بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دابین دەکات و زیاتر لە 100 کرێکار بە بەردەوامی کاری تێدا دەکەن و بۆتە سەرچاوەی بژێوی ژیان بۆ دەیان خێزان، پلانیشمان هەیە فراوانتری بکەین و کرێکاری زیاتر کاری تێدا بکەن، چوونکە ئێستا 24 کاتژمێر کاردەکات.
جەمیل عەزیز موحەمەد، بەڕێوبەری کارگێڕی کارگەی ئاوی ڕوڤیان ڕایگەیاند : لەساڵی 2008وە دەست بە درووستکردنی کارگەی ئاوی ڕوڤیان کرا لە 2010ش دەست بە کارکردنی کارگە کرا و بەرهەمی کەوتە بازاڕی هەرێمی کوردستان و عێراقیش، سەرەتا تەنیا نیولیتری بەرهەم دەهێندرا، دواتر فراوانکرا و لترونیو و قەزەمیش زیادکرا، سەرەتا کارگە ڕۆژانە هەشت کاتژمێر کاری دەکرد دواتر بووە 24 کاتژمێر، ئێستا چەند جۆرێک ئاو بەرهەم دێنین و بۆ شارەکانی کوردستان و عێراق دەنێرین، ڕۆژانە 24 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەرهەممان هەیە و بەسەر شارەکاندا دابەش دەکرێت.
جەمیل عەزیز موحەمەد ووتیشی: بریکاری زۆرمان هەیە و داواکاریێکی زۆر لەسەر ئاوەکە هەیە لە هەرێم و لە عێراقیش، بۆیە بازاڕی باشە ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئاوەکەی خاوێنە و تامیشی جیاوازە، سەرەڕای ئەوەی نرخی لە ئاوەکانی دیکە گرانترە، بەڵام خواستی زیاتری لەسەرە، ئێمە گرنگی زۆر بە پاک وخاوێنی دەدەین و تەندروستییش بەردەوام چاودێری دەکەن.
موحەمەد باسی لەوەش کرد : نزیکەی 130 کەس لەو کارگەیە کار دەکەن و بەردەوام لە 100 کەس زیاتر کاردەکەن و زۆرینەش کرێکاری ناوخۆیین و 10%ی کرێکاری بیانین، ئەوانیش لێرە ئەو پسپۆرییانەمان نییە، ئەگەر هەبێت ئەویش دەکرێنە کرێکاری ناوخۆیی و هەمووشی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان هەیە، پلانیشمان هەیە کارگەکە فراوانتر بکەین، چوونکە خواستی زۆر لەسەر ئاوەکە هەیە، زۆر گرینگە ئەو جۆرە کارگانە هەبن چوونکە هەم گرینگی دانە بە کەرتی پیشەسازی هەم دەرفەتی کاریش بۆ دەیان خێزان لەناوچەکە دەڕەخسێنێ و بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو کارگەیەیە، بۆیە هیوادارین گرنگی زیاتر بە کەرتی پیشەسازی بدرێت.