image


پەیامی کورد... ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە چیای قەرەچووخ دژی داعش ئەنجام درا

فەرماندەی هێزی خۆبەخشی سنووری چیای قەرەچووخ ڕایگەیاند، لە بەرەیەیانی ئەمڕۆوە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق بە هاوکاری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لە سنووری ئەو زنجیرە چیایە لە دژی چەکدارانی داعش دەستپێکردووە.

غازی فەیسەڵ، فەرماندەی هێزی خۆبەخشی سنووری چیای قەرەچووخ لە قەزای مەخموور ڕایگەیاند، لە کاتژمێر چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆوە یەکەیەکی تایبەتی دژە تیرۆری عێراق بە هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لە چیای قەرەچووخ لە دژی پاشماوەی چەکدارانی ڕێکخراوی داعش دەستپێکردووە، بەدیاریکراوی لە ناوچەکانی بەرامبەر بە گوندی عەلی ڕەش.

چیای قەرەچووخ لە قەزای مەخموور دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای هەولێر و باشووری خۆرڵاهەڵاتی شاری مووسڵ.

غازی فەیسەڵ کە هێزەکەی بۆ بەرگریکردن لە گوندەکانی ئەو سنوورە پێکهێندراوە، دەڵێت: هاوپەیمانان بە فڕۆکەی چاودێری و جەنگی لە ئاسمانەوە و چەکدارە خۆبەخشەکانی ئێمەش وەک ڕێپیشاندەری هێزەکانی دژە تیرۆر بەشدارن لەو ئۆپەراسیۆنەدا کە چەند ناوچەیەکی سەختی زنجیرە چیای قەرەچووخ دەگرێتەوە و گومان دەکرێت چەکدارانی داعش خۆیان لێ حەشاردابێت.

لە دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ لە ساڵی ٢٠١٧، چیای قەرەچووخ بووەتە شوێنی خۆحەشاردانی پاشماوەی چەکدارانی داعش.