image


پەیامی کورد... پارتی وادەی بەستنی کۆنگرەی دیاری کرد

پارتی دیموکراتی کوردستان وادەی بەستی کۆنگرەی ١٤ی حیزبەکەی دیار کرد و بەپێی وتەی وتەبێژی ئەو حیزبە، دەسەڵات دراوە بە لیژنەکان ئامادەکاری بکەن بۆ ئەوەی لە مانگی ١٠ تاوەکو ١١ کۆنگرە ببەسترێت.

دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی مەحموود محەممەد وتەبێژی ئەو حیزبە لە کۆنگرەیەکی ڕۆنامەوانیدا وتی، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی کۆنگرە و هەڵبژاردنی پەرلەمان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر، بۆ ئەو ئاستەنگانەی کە هاتوونە پێش، هەروەها پرسی چاکسازی لەناو حکومەت تاوتوێ کران، دوای گفتوگۆ بڕیاری پێویست لەبارەیانەوە درا.

باسی لەوەش کردووە، وەک پارتی لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، هەروەها لێک نزیکبوونەوەی لایەنەکان لەسەر بنەمای پرسە نەتەوەیی نیشتمانییەکان و بەرژەوەندییە گشتییەکان هەبێت، حکومەت کۆمەڵێک پرۆژە یاسای هەیە بۆ بەرنامەی چاکسازی، پەرلەمان تەنیا بۆ ئەوە نییە هەڵبژاردن بکرێت یاخود نا، بۆیە پێیان باشە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بەردەوام بن و ئەو ئاستەنگانەی هەن بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن.

سەبارەت بە کۆنگرەی ١٤ی حیزبەکەی ئاشکرای کرد، بڕیار دراوە و دەسەڵات دراوە بە مەکتەبی سیاسی لیژنەکانی ئامادەکاری دەستبەکار بن، لە مانگی ١٠ تا ١١ی ئەمساڵ کۆنگرە دەبەستن.