image


پەیامی کورد... ڕاپۆرتی سێیەمی چاکسازی: نزیکەی ٢٨ هەزار کەس کەمئەندام نەبوون و مووچەیان وەرگرتووە.

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان چەند داتایەکی نێو ڕاپۆرتی سێیەمی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئاشکرا کرد و ڕای گەیاند، نزیکەی ٢٨ هەزار کەس بەبێ ئەوەی کەمئەندام بن، مووچەی کەمئەندامییان وەرگرتووە.

ماوەیەک لەمەوبەر، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتی سێیەمی هەنگاوەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کرد کە پێشبینی دەکرێت وردەکاریی زۆری لە خۆوە گرتبێت.

لەم بارەیەوە ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، چەند داتایەکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاشکرای کرد، ٩٨٤ کەس وەک شەهید ناویان نووسرابوو لە کاتێکدا شەهید نەبوون، لەم ژمارەیەش» ٢٧٤ کەسیان لە هەولێر، ٦١٨ کەس لە سلێمانی و ١١٩ کەسیش لە دهۆک بوون «.

ئەوەشی درکاند: «٢٧٨٣٤ کەس ناویان وەک کەمئەندام هەبووە و مووچەیان وەرگرتووە، کەچی کەمئەندام نەبوون، جگە لەوەی ٤١٨٩ کەس دوو مووچەیان وەرگرتووە، هەبووە دوو مووچەی خانەنشینی وەرگرتووە، هەشە فەرمانبەرە و خانەنشینە! یان دوو مووچەی فەرمانبەری هەبووە».

هێڤیدار ئەحمەد باسی لەوەش کردووە کە بەپێی ڕاپۆرتەکە، «١٥٤ کەس بەناوی بریکاری وەزیر و پارێزگار و جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتی و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە، مووچە وەردەگرن و جێگەیان نییە کاری تێدا بکەن!».