image

پەیامی کورد      ...   سەبارەت بە پێکهێنانی دوو لیوای ھاوبەش بۆ ناوچە کوردستانییەکان ووردەکاری گرینگ ڕادەگەێندرێت

بەرپرسی مێحوەری کەرکووک - پردێ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ووتی، دوو لیوای ھاوبەش بۆ ناوچە کوردستانییەکان ئامادە کراون و ئامر لیوای ھەردوو لیواکە کوردن و لە ناوچە کوردستانییەکان بڵاو دەکرێنەوە و بە دانانی ئەو دوو لیوایە لەو ناوچانە چی تر ناتواندرێت ھێرش بکرێتە سەر ھەرێمی کوردستان.

بەرپرسی مێحوەری کەرکووک - پردێ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، نووری حەمەعەلی، ڕایگەیاند : ''دوو لیوا بۆ ناوچە کوردستانییەکان پێک دەهێندرێن و دەچنە ئەو شوێنانەی کە مەترسی ئەمنیی لەسەرە و بۆ دژایەتیکردنی تیرۆرە و بۆ پارێزگاریکردنی خەڵکەکەیە بێ جیاوازی کە لیوای یەک و لیوای دووە، یەکێک بۆ سنووری کەرکووک ە تا خانەقین و ئەوەی تریش لە خازر تا دەگاتە بەندئاوی مووسڵ''.

نووری حەمەعەلی ووتیشی: " لیواکان ئامادەن و تەنھا چاوەڕێی ئەوە دەکەن دەستبەکار بن و ھەردوو ئامر لیواکانیش کوردن و دابەشکردنی ھێزەکانی بەو جۆرەیە کە چوار فەوجی کورد و چواری عەرەبە و تێکەڵ دەکرێن و پێکەوە پارێزگاری لەو ناوچانە دەکەن.''

حەمەعەلی باسی لەوەش کرد: ''لای  ئێمە لە مێحوەری پێنج و شەش دوو فەوج لەوێ دەبێت، بۆ ئەوەی ڕێگری لەو ھێرشانە بکرێت کە دەکرێتە سەر ھەرێمی کوردستان، ئومێدمان ھەیە چی تر ھێرش نەکرێتە سەر ھەرێمی کوردستان، بۆیە پێکهێنانی ئەو دوو لیوایە زۆر گرینگە و پارێزگاری باش لەو ناوچانە دەکات و ڕێگە نادات ھیچ ھێزێکی دیکە ھیچ کارێک بکات، بەبێ ئەوان و ئەوان ڕێگری دەکەن.''