image



پەیامی کورد.. سێ هاووڵاتی لە شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژران


لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ئێران بە دژی کوژرانی ژینا ئەمیی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، لە شاری شنۆ لانی کەم سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئەمین مەعڕفەت تەمەن ١۶ ساڵ، میلان حەقیقی تەمەن ٢١ ساڵ و سەدرەدین لەیتانی تەمەن ٢٧ ساڵ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران کوژراون.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، سەر لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی (٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ی زایینی)، لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی شاری شنۆ لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە تەقەیان لێ کراوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو لەم پەیوەندییەدا ڕایانگەیاندووە کە ئەمین مەعڕەفەت و میلان حەقیقی بە چەکی کڵاشینکۆفی هێزەکانی ئێران پێکراون و گوللە بەر سینگیان کەوتووە و هەروەها سەدەردین لەیتانی گوللە بەر سەری کەوتووە.


سەرچاوەکانی هەنگاو لە شاری شنۆ لەم بارەیەوە ڕایانگەیاندووە کە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت لە خۆپیشاندەران لە شاری شنۆ، لانی کەم ٤٣ هاووڵاتیی کورد بریندار و ١٨ کەسیان بە هۆی قووڵیی برینەکانیانەوە بۆ نەخۆشخانەی خومەینی ئورمیە گوازراونەتەوە.