image


پەیامی کورد... سەندیكای پارێزەران داوای كشاندنەوەی دوو دادوەرە كوردەكەی دادگای فیدراڵی دەكات

سەندیكای پارێزەرانی كوردستان رایگەیاند: بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق، بڕیارێكی نایاساییی و نادەستوری دژ بە هەرێمی كوردستان و هاوڵاتییانە.
لە راگەیەنراوێكدا سەندیكای پارێزەرانی كوردستان بڵاویكردۆتەوە، رۆژی چوارشەممە 25-1 دادگای باڵای فیدراڵی عیراق بڕیارێكی نایاسایی و نادەستوری دژ بە هەرێمی كوردستان و هاوڵاتیینی دەركرد، چەند ساڵێكە ئەو دادگایە كۆمەڵێك بڕیاری نادادپەروەرانەی نایاساییانە دژ بە ئیرادەو چارەنوسی دانیشتوانی كوردستان و قەوارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەردەكات كە بەپێی دەستور، ماف و شایستەكانی جێگیركراون و هیچ دادگایەكی عیراقی تەنانەت دادگای باڵای فیدراڵیش ناتوانێت فەرامۆشیان بكات و دانیان پێدا نەنێت.
لەبەشێكی تردا سەندیكای پارێزەرانی كوردستان ئاماژەشیكردوە، دادگای باڵای فیدراڵ لەسنوری تایبەتمەندی یاسایی خۆی دەرچوەو لە بری ئەوەی بڕیارەكانی ببنە هەوێنی تەبایی و پێكەوەژیان و ببێتە (صمام الامان)ی پاراستنی دەستور و ماددەكانی، بەداخەوە بۆتە بەشێك لە كێشەو بەربەست لەبەردەم چارەسەركردنی یاسایی كێشەكانی نێوان هەرێم و عیراق.
ئاماژەشیكردوە، بۆ سنوردان بۆ بڕیارە نادەستورییەكانی ئەو دادگایە، داواكارین دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن وو دادوەریی هەرێمی كوردستان، دەستبەجێ هەموو پەیوەندییەك بەو دادگایە بپچڕێنن و دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی كوردستانیش دوو نوێنەرەكەی خۆی لە دادوەرەكانی هەرێمی كوردستان لە دادگاكە بكشێنێتەوە.