image

هاوشێوەی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی، سەندیكای پزیشكانی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا باس لەوە دەكات، حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی بۆ داواكارییەكانیان هەبووە و، ئەمەیش بە هەنگاوێكی ئەرێنی دادەنێن.

 

سەندیكای پزیشكان، لە ڕوونكردنەوەكەیدا ڕایگەیاندووە: "دوابەدوای بەیاننامەی پشتگیریی سەندیكا لە مافە رەواكانی پزیشكانی ماندوویینەناسی كوردستان و ئاڕاستەكردنی داواكانی پزیشكان و چاككردنەوەی مووچە و مافە داراییەكانیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی، بە ھەموو لایەكی رادەگەیێنین كە خۆشبەختانە ئەنجوومەنی وەزیران  بە شێوەیەكی راستەوخۆ ھاتە سەر خەت و بەڵێنی پێداچوونەوە بە مووچەی پزیشكان و فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستییان پێ داین كە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چاوپێخشاندنەوە بە مووچەكانیاندا دەكرێت."

لە ڕوونكردنەوەكەدا ئاماژە بەوەیش كراوە: "لە سۆنگەی ھەستكردن بە بەرپرسیارەتی و مامەڵەكردن وەك دامەزراوەیەكی یاسایی لە ھەرێمی كوردستان، پزیشكانی خۆشەویست دڵنیا دەكەینەوە كە ماندووبوون و ھەڵوێستیان بۆ داواكردنی سادەترین مافی خۆیان و پابەندبوونی زۆربەیان بە بەیاننامەی سەندیكاوە، جێگای خۆی گرت و بە گوێرەی وەڵامی حكوومەت بەشێكی زۆری كێشەی مووچەكانمان چارە دەكرێن، بۆیە وەكوو سەندیكا بەوپەڕی دڵسۆزییەوە چاودێریی ئەو ھەوڵانە دەكەین و بە ھەنگاوێكی ئەرێنی دادەنێن و سەندیكایش بەردەوام لایەنی داكۆكیكار و پشتگیریكار دەبێت لە مافەكانی پزیشكان".

لە كۆتایشدا هاتووە: "هیوادارین هەروەكو رابردوو سەلامەتی گیانی نەخۆش، كاری لەپێشینەی هەمووان بێت".

ئەمەش لەكاتێكدایە، هەر دوێنێ گوتەبێژی سەندیكای كارمەندانی تەندروستیی كوردستان باسی لەوە كرد، وەڵامی حكوومەتی هەرێم بۆ داواكارییەكانیان بە ئەرێنی دەزانن و گوتی، بۆ كەمكردنەوەی پاشەكەوتی مووچەیش، پڕۆژەیەكیان ئامادە كردووە.