image


پەیامی کورد... سەرۆک بارزانی: سەدام گوتی بارزانییەکانی ناردە دۆزەخ، ئەمڕۆ بارزانییەکان لە بەهەشتن و سەدام لە دۆزەخە

ئەمڕۆ یەکشەممە٣١ی تەمووزی ٢٠٢٢ لە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی ڕوفاتی ١٠٠ ئەنفالکراوی بارزانیدا لە مۆنۆمێنتی بارزانییە جینۆسایدکراوەکان لە بارزان سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد و لە وتارەکەیدا گوتی: ''کاتی خۆی سەددام گوتی بارزانییەکانمان ناردە دۆزەخ، بەڵام ئەمڕۆ بارزانییەکان لە بەهەشتن و سەددام خۆی لە دۆزەخە''.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە ''جارێکی دیکە برینە کۆنەکانمان کولانەوە و ئەمڕۆ پێشووازی لە ١٠٠ شەهید لە هەشت هەزار شەهیدی بێتاوان و ستەملێکراو دەکەین کە بەدەستی زاڵم و دیکتاتۆر شەهید کران. من گومانم نییە کە گیانی پاکژی ئەو شەهیدانە بەر لەوەی ڕوفاتەکەیان بێتەوە بۆ زێدی باب و باپیریان، گەڕاونەتەوە''.

سەرۆک بارزانی ڕوونی کردەوە کە ''دوژمن زۆر جار دڵی خۆی بەوە خۆش کردووە کە بارزانییەکان تەواو بوون، لە ساڵی ١٨٩٢-وە ١٦ جار دەڤەری بارزان و گوندەکانی سووتێندراون و وێران کراون، هەموو جارێکیش ئەم میللەتە شانی وەبەر داوە و خۆی بەدەست زۆردارەوە نەداوە و وڵاتی خۆی ئاوەدان کردووەتەوە'' و گوتیشی: ''ئەم ئیمان و باوەڕێیە لە هەردوو قوتب و مەولا و ئوستادی مەزنمان، شەهیدی مەزن شێخ عەبدولسەلام بارزانی و قوتبی مەزن شێخ ئەحمەد بارزانی بۆ ئێمە ماوەتەوە. شەهیدی یەکەم، شەهیدی مەزن شێخ عەبدولسەلام کە ڕێگای شەهادەتی هەڵبژارد، کوڕی ئەم میللەتە و پەیڕەوەکانیشی ئەو ڕێگایەیان هەڵبژاردووە، مەولا و خودانی ئێمە شێخ ئەحمەدی بارزانییش ١١ بۆ ١٢ ساڵ بە کۆت و زنجیرەوە لە گەرمای بەسڕەدا تەحەمولی حەبسی کرد و سەری بۆ دوژمن دانەنەواند. پەیڕەوەکانیشیان هەر بەو ڕێگایەدا دەڕۆن''.

سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە کە شەهیدکردنی هەشت هەزار کەس کارەساتێکی زۆر گەورەیە و لەبیر ناکرێت و ئاماژەی بە ڕۆڵی ئەو دایکە قارەمانانە دا کە نەیانهێشت منداڵەکانیان هەست بە بۆشایی و نەبوونی باوکیان بکەن، کرێکارییان کرد و بە ئارەقی ناوچاوانی خۆیان منداڵی خۆیان پێ گەیاند و گوتی: ''بڵێم سوپاس، سوپاس کەمە بۆ ئێوە، بەڵام ئیجازە بدەن ئەو دەستانەی لەناو خاکدا و بەهۆی کرێکارییەوە بریندار بوون، یەک بە یەک ماچیان بکەین و بە شانازییەوە ماچیان دەکەین'' و گوتیشی: ''شێرەژنەکان، قارەمانەکان، ئێوە سەری ئێمەتان بڵند کرد''.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە کە بەردەوام لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ڕوفاتی هەموو بارزانییەکان و هەموو شەهیدانی ئەنفال لە گەرمیانەوە هەتا بادینان بگەڕێنەوە بۆ زێدی باب و باپیرانیان و گوتی: پەرلەمانی فیدراڵیی بەغدا و پەرلەمانی کوردستان و دادگای تەمیز هەموویان بڕیان دا کە ئەوە جینۆسایدە و حکوومەتی عێراقیان ئیلزام کرد کە هاوکار بێت بۆ گەڕاندنەوەی ڕوفاتی ئەو شەهیدانە و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان. هەموو ماڵی دونیا لای ئێمە بەهای یەک پارچە ئێسکی ئەنفالکراوانی نییە، بەڵام ئەوە بەرپرسیارەتییەکی ئەخلاقی و یاسایی حکوومەتی عێراقە و ئێمە تەئکید لەوە دەکەینەوە کە حکوومەتی عێراق ئەرکی خۆی لە بەرانبەر ئەو شەهیدانەدا جێبەجێ بکات.

سەرۆک بارزانی زۆر سوپاسی خەڵکی هەولێر و دەوروبەری هەولێر و هەریر و باتاس و ناوچەکانی دیکەیشی کرد کە زۆر خەڵک کەسوکاری کەوتە دەست ڕژێم، بەڵام ڕۆڵەی بارزانییان پاراست. زۆر کەسی هەولێر زارۆکی بارزانییان کردە منداڵی خۆیان تا لە ئەنفال بیانپارێزن، سوپاسیان دەکەم و لە چاکەیان دەرناچین.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە وتەیەکی دیکتاتۆری لەناوچووی عێراق کرد کە کاتی خۆی گوتی، بارزانییەکانیان ناردە دۆزەخ و گوتی: ''ئەمڕۆ بارزانییەکان لە بەهەشتن و سەدام خۆی لە دۆزەخە''.

سەرۆک بارزانی جارێکی دیکەش سەرەخۆشیی لە کەسوکاری شەهیدان کرد و گوتی: منیش وەک ئێوە نازانم لەنێو ئەم ڕووفاتانە برا و برازا و ئامۆزام هەن یان نا؟ بەڵام هەریەکیان بۆ من برایە، برازایە، ئامۆزایە و کوڕی ئامۆزایە، هەموویان کەسوکاری ئێمەن.