image



پەیامی کورد... سەرۆک بارزانی پێشوازی لە نوێنەری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد

سەرۆك مەسعود بارزانى، پێشوازیی لە نوێنەری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق كرد و چه‌ند بابه‌تێكیان تاوتوێ كرد.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 25/1/2023 لە سەلاحەددین، سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە خاتوو جنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد، لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمى كوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق و ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمى كوردستان و عێراق تاوتوێ کران.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جەخت لە پێویستیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی نێوان حکوومەتی ھەرێمى كوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان کرایەوە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆك بارزانى و خاتوو جنین پلاسخارت، هه‌روه‌ها بارودۆخی سیاسیی ھەرێمى كوردستان تەوەرێکی تری ئەو دیدارە بوو، پەیوەست بە بابەتی هەڵبژاردنیش، سەرۆک بارزانی ئەوەی دووپات کردەوە کە بە لای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەڵبژاردن بنەما و پڕەنسیپێکی نەگۆڕە بۆ شەرعیەت و حوکمڕانی، پێویستە ھەڵبژاردنەکانی هەرێمى كوردستان لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێ ڕەچاوی ئیرادە و بەرژەوەندیی پێکھاتەکان بکرێت و بۆ بابەتی مافەکانیان لە ھەڵبژاردن نابێت لە دەرەوەی ئیرادەی پێکھاتەکان ھیچ شێواز و فۆڕمۆڵێک بەسەر پێکهاتەکانی کوردستان بسەپێندرێت.