image


پەیامی کورد... سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانی ڕۆمانیا کرد


ڕۆژی پێنجشەممە 28/9/2023، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە شاندێكی باڵای پەرلەمانی ڕۆمانیا بە سەرۆكایەتیی سێناتۆر تیتۆس کورلاتسیان، سەرۆكی لیژنەی سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ڕۆمانیا كرد.

لە دیدارەكەدا کە بەڕێز ڕادۆ ئۆکتاڤیان دۆبرێ، باڵوێزی ڕۆمانیا لە عێراقیش ئامادە بوو، سەرۆكی لیژنەی سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ڕۆمانیا ستایشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانیی لە خەباتی بزووتنەوەی ئازادیخوازی كوردستان كرد، هەروەها پێزانینی بۆ ڕۆڵ و قوربانیدانی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا هەبوو. جەختیشی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی زۆر بە گرنگییەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و داواشی كرد كە پەیوەندییەكانی ڕۆمانیا و هەرێمی كوردستان لە بواری كولتووری و ئابووری و وەبەرهێنان و كەرتی تایبەتدا پەرە بستێنێت.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ڕۆمانیای بە دۆستانە وەسف كرد و خوازیاری ئەوەش بوو كە ئەو پەیوەندییانە فراوانتر بكرێن، بەتایبەت لە بواری ئابووری و كشتوكاڵ و وەبەرهێنان. هەروەها سوپاسی ڕۆڵی ڕۆمانیای كرد كە لە چوارچێوەی هێزی هاوپەیماناندا لە شەڕی تیرۆر یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە. پەیوەست بە شەڕی تیرۆر سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە هەڕەشەی تیرۆر هەڕەشەیەكی جیهانییە. ڕاستە كە لەڕووی سەربازییەوە داعش تێك شكاوە، بەڵام هۆكارەكانی دەركەوتن و بەهێزبوونەوەی داعش هێشتا هەر بەردەوامن و بەپێویستیشی زانی هاوپەیمانیەتی و هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بنبڕكردنی تیرۆر هەر بەردەوام بێت و لە ئەولەویەتی سیاسەتی جیهانیدا بێت.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و كۆسپ و تەحەددیاتی بەردەم سەقامگیری لە ناوچەكە و جیهان تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.