image


پەیامی کورد … سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی

 

ئەمڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جۆن گادفرەی نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە وەکالەت و شاندێکی یاوەری کرد.

 

لە دیدارەکەدا دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و سووریا و هەوڵە بەردەوامەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش تاووتوێ کرا.

 

نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە وەکالەت نیگەرانیی خۆی لە پەرەسەندنی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش لە هەندێک لە ناوچەکانی عێراق و سووریا دەربڕی و جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی پشتگیریکردنی پێشمەرگە و سوپای عێراق کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە و دابینکردنی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا.

 

ئاماژەشی بەوەدا کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی تایبەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا بەڕێوەبچێت.

 

سەرۆکی حکوومەت وێڕای سوپاسکردنی پشتگیرییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ هێزی پێشمەرگە، کاراکردنەوەی سەنتەرەکانی هەماهەنگیی ئەمنیی هاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم، بە هەنگاوێکی گرنگ دانا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش لەو ناوچانەدا.

 

سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرنگیی بەشداریکردنی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە ڕۆما کردەوە.