
پەیامی کورد ... سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری کرد
ڕۆژی پێنجشەممە 28ی ئەیلوولی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری بە سەرۆكایەتی یەعقووب گورگیس سكرتێری ئەو حزبە كرد.
لەو دیدارەدا هەردوولا هاوخەمی قووڵی خۆیان بۆ كەس وكاری قوربانیانی ڕووداوی دڵتەزێنی ئاگركەوتنەوە لە قەزای حەمدانیە ڕاگەیاند كە تێیدا سەدان هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون.
لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی كوردستان و قووڵتركردنی بنەماكانی پێكەوەژیان و سەقامگیری و هەروەها پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوولا تاوتوێ كرا و، سەرۆك بارزانی وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی یەعقووب گۆرگیس وەك سكرتێری حزب هیوای سەركەوتنی بۆ بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری خواست لە كار و چالاكییە سیاسییەكانیاندا.