image

پەیامی کورد      ...   سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا  :  دانووستان لەگەڵ کەسێک ناکرێت کە هەم دەست بەسەرت بکات و هەمیش هێرش بکاتە سەر ماڵەکەت

سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا رایگەیاند، تەڤدەم بەردەوامە لە درووستکردنی بەربەست لە بەردەم دەستپێکردنەوەی دانووستان لە رۆژئاوای کوردستان و، شەوی ڕابردووش جارێکی دیکە ھێرشی کردووەتە سەر بارەگایەکی ئێمە، ئەمەش وا دەکات کە دانووستانەکان دەست پێنەکەنەوە، بۆیە پێویستە ئەمریکا بێتە سەر هێڵ و ئەو کێشەیە چارە بکات.

سعوود مەلا، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا ووتی، دۆخی رۆژئاوای کوردستان ھەمیشە خراپ بووە و ھەر وا خراپتریش دەبێت، پەیوەندیەکانی نێوان ئێمە و تەڤدەمیش خراپن بە ھۆی ئەوەی بەردەوام ھێرشی سەر بارەگاکانی ئێمە دەکەن و، شەوی ڕابردووش جارێکی دیکە لە گرکێلەک ھێرشیان کردووەتە سەر بارەگاکە و کەسەکانیان گرتووە و ھەموو کەل وپەلەکانیشیان لێ ستاندوون، ئەمەش وای کردووە پەیوەندییەکان زیاتر تێکبچن، بۆیە دانووستان بەو شێوەیە ناکرێت، چوونکە پێویستە دۆخەکە ئاسایی بێت و کەشەکە بۆ دانووستان لەبار بێت.

مەلا ووتیشی، تەڤدەم ھیچ ھاوکار نییە بۆ دانوستان و ئەمریکاش بێدەنگە، بۆیە پێویستە ئەوان بێنە سەر هێڵ و دۆخەکە ئاسایی بکەنەوە، بۆ ئەوەی دانووستانەکان دەست پێبکەنەوە، چوونکە تا ئێستا ھیچ رێککەوتنێک نەکراوە.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، تەڤدەم بەردەوامە لە گرتنی ئەندام و لایەنگرانی ئێمە، بە جۆرێک بەردەوام دەستگیریان دەکەن، کە نازانین ژمارەیان چەندە لە زیندانەکاندا و ھەشت سەرکردەشمان نزیکەی حەوت ساڵە بێسەروشوێنن و یەکێک لە مەرجەکانی ئێمەش، ئازادکردنی زیندانیان و ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو ھەشت سەرکردەیەی ئێمەیە.

دەشڵێ، تاوەکوو دۆخەکە بەو شێوەیە بێت، ئێمە ئامادەی دانووستان نابین، چوونکە ناکرێت یەکێک ھێرشی سەر ماڵت بکات و دەستگیرت بکات، تۆش دانووستانی لەگەڵ بکەیت.