image

پەیامی کورد   ...  سەرۆکوەزیران ، وەزارەتی دارایی ڕاسپارد لەگەڵ گەیشتنی پارە ، بێ دواکەوتن مووچەی مانگی 7 دابەش بکرێت

چوارشەممە 2023/9/20 بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران سەرکۆنەی هێرشی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەتی لە پارێزگای سلێمانی کرد و پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکان کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست. لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران داوای کرد کە ڕێز لە سەروەریی وئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق بگیرێت.

پاشان لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، کە تایبەت بوو بە خستنەڕووی پوختەی سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا لە 2023/9/14 بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەکانی شاندەکە لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکە و هێز و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە لە پێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران لە ڕێگای شاندێکی باڵای ئەنجومەنی وەزیران و یەک هەڵوێست و پشتبەست بە دەسەڵات و مافە دەستووریەکان و بە داتا و زانیاری وردەوە، ڕوونکردنەوەی پێویست درا بە سەرۆکایەتییەکانی فیدڕاڵی و هێز ولایەنە سیاسیەکان و بە وردیی پێشنیاری چارەسەری هەنووکەیی و درێژخایەن بۆ دابینکردنی مووچە خرایەڕوو کە جێگەی ڕەزامەندیی لایەنە عێراقیەکان بوو. دواتریش لە دواکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، پێشنیاری هەنووکەیی بە زیادکردنی بڕی پێدانی قەرز پەسەندکرا. بۆ پێشنیاری درێژخایەنیش داوامان کرد، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەک شایستەیەکی یاسایی مووچەخۆر، جیا بکرێتەوە لە هەر ململانێ و جیاوازیەکی بیروڕا، چونکە پێویستە هاوشێوەی مووچەخۆرانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش خەرج بکرێت وەک مافێکی شایستەی خۆیان کە لە ناو خشتەکانی بودجەی فیدڕاڵ هەم ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەم تەرخانکراویی داراییان بۆ دەستنیشان کراوە و نابێت مووچە وابەستەی هیچ بکرێت.

سەرۆک وەزیران هەروەها بە پێزانینێکی زۆرەوە، ئاماژەی بە خۆڕاگری و پشوودرێژی خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد کە بەهۆی نەناردنی مووچە و شایستە داراییەکان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە، لە بارودۆخێکی سەخت دان، سوپاسی فراکسیۆنە کوردستانییەکانیشی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانى عێراق كرد، کە پێشوازی گەرمیان لە شاندەکە کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵ و پێشنیارەکانی هەرێم دەربڕی.

سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، دڵنیایی دا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەرگیز سازش لە سەر ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان ناکات و دەستبەردارییان نابێت و لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشەکانی پەیوەندیدار بە مووچە و شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم، لەو ڕووەشەوە پڕۆژەی پێویست پێشکەش بە سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵ کراوە کە چارەسەری هاوسەنگانەی لەخۆ گرتووە و لەمبارەیەوە لێکتێگەیشتنی هاوبەشی باش درووستبووە، لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران سەرجەم وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە بەردەوامبن لە هاوکاریکردنی دیوانی چاودێری دارایی و سەرجەم ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان بخرێتە بەردەست کە پێشتریش چەندین جار بە فەرمی خراوەتە بەردەستیان.

سەرۆک وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووریشی ڕاسپارد کە لەگەڵ گەیشتنی یەکەم کوژمەی پارەکە کە 700 ملیار دینارە، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە، یەکسەر بە بێ دواکەوتن دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێم بکرێت.

پاشان لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبونەوەکە، وەزیری تەندرووستی سامان بەرزنجی، ڕاپۆرتێکی دەربارەی نەخۆشی سکچوونی تووند ( کۆلێرا) و پێشنیار و ڕێکارەکانی چارەسەری و خۆپارێزییەکانی دامەزراوە تەندرووستییەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان خستەڕوو، دوای گفتوگۆ، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕاسپاردە و پێشنیارەکانی وەزارەت پەسەندکرا و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران، ڕێکاریی خۆپارێزی پێویست لەمبارەیەوە بگرنەبەر.