image

پەیامی کورد     ...    ئاسایشی گشتی هەولێر ڕوونکردنەوەیەک بڵاو دەکاتەوە

بەڕێوبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر روونکردنەوەیەکی دەربارەی هێرشکردنە سەر گەشتیاران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو رووداوەی روویداوە هیچ پەیوەندییەکی بە گەشتیارانەوە نەبووە.

بەڕێوبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، "سەبارەت بە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە سۆشیال  میدیا بڵاوبوەتەوە و وا باس لەوە دەکرێت کە ڕێگری لە هاتنی گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق کراوە، ئاگاداری هەموولایەک دەکەینەوە کە ئەم رووداوە هیچ پەیوەندییەکی بە گەشتیارانەوە نەبووە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، رۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٦ی تەمووز، مەفرەزەیەکی هێزەکانی ئاسایش لەسەر ڕێگای (کەرکوک- هەولێر) بە مەبەستی دەستگیرکردنی تاوانبارێکی هەڵاتوو لە یاسا بەناوی (ا.ص.ا) ناچار بە تەقەکردن دەبن، "دووپات دەکەینەوە کەئەم رووداوە هیچ پەیوەندییەکی بە خوشک و برا گەشتیارانەوە نەبووە و هاتنی گرووپە گەشتیارییەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بە بێ گرفت بەردەوامە".

بەڕێوبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر باسی لەوەنەکردوە کە ئەو کەسەی دەستگیرکراوە کێیە و بۆچی دەستگیرکراوە، بەڵام دەڵێت، "لێکۆلینەوەکان سەبارەت بە رووداوەکە  بەردەوامە و هەموولایەک دڵنیا دەکەینەوە کە هێزەکانمان لە ئەرکدان بۆ دابینکردنی کەشێکی ئارام و سەقامگیر بۆ گشت هاووڵاتیان و گەشتیارانی خۆشەویست".