
پەیامی کورد... شەپۆلێکى چڕى باران و بەفر روو لە هەرێمی کوردستان دەکات
کەشناسى هەرێم رایگەیاند، شەپۆلێکى بەفر و باران روو لە هەرێمى کوردستان دەکات و چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت.
بەرێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویکردەوە، چاوڕوان دەكرێت رۆژى شەممە رێکەوتى 28-1-2023 شەپۆلێکى باران بارین روو لەناوچەکەمان دەکات تاوەکو رۆژى چوارشەممە بەردەوام بێت، سەرەتا کاریگەریى ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچە شاخاوییەکان دەبێت بە نمە باران و بەفر بارین.
بەپیى پێشبینى کەشناسى هەرێم، رۆژى یەکشەممە کاریگەریى ئەم شەپۆلە بە لاوازى لەسەر ناوچەکەمان، بەڵام لە رۆژى دووشەممە و سێشەممە کاریگەریى ئەم شەپۆلە بەهێز دەبێت، باران بارین لە تەواوى ناوچەکەمان دەبێت و بەفربارینیش لەسەر ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دهبێ.
ئاماژەى بەوەشکردووە، لەماوەى کاریگەرى ئەم شەپۆلە پلەکانى گەرما نزم دەبێتەوە، ئاستى دابارینیش مام ناوەند دەبێت وە رۆژى چوارشەممە کۆتایی بە کاریگەرى ئەم شەپۆلە دێت .