image


پەیامی کورد... شەپۆلێکی خۆڵبارین بەڕێوەیە

شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرای کرد کە پلەکانی گەرما ڕوو لە نزمبوونەوە دەکەن و شەپۆلێکی خۆڵبارینیش بەڕێوەیە.

ئەمڕۆ شەممە ٦/٨/٢٠٢٢، ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: "لە کاتەکانی سبەی یەکشەممە ٧/٨/٢٠٢٢ بەدواوە ناوچەکانمان دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری بارستە هەوایەکی فێنک کە بەسەر دەریای ناوەڕاستەوە دەگاتە ناوچەکە سەرەتا کاریگەری لەسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەرێمی کوردستان دەبێت بە نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بە ڕێژەی ٢ پلە و لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمدا بەگشتی ١ پلە پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و بەم شێوەیە دەبێت لە سەنتەری پارێزگاکان (هەولێر ٤٤ بە ٣١ پلە، سلێمانی ٤٣ بە ٢٩، دهۆک ٤٢ بە ٣٠ پلە، هەڵەبجە ٤٤ بە ٣١ پلە، کەرکووک ٤٥ بە ٣٤ پلە) لە ناوچەکانی گەرمیان ٤٩ پلە بە ٣٤ پلە دەبێت، لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین ٤٣ بە ٣١ پلە دەبێت، لە سنووری ئیدارەی سۆران ٤٢ بە ٣٠ پلە دەبێت".

ئاماژەشی بەوەداوە: "هەر لە ئەنجامی کاریگەری ئەو بارستە هەوایەوە سبەی لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا بەهۆی زیادبوونی خێرایی با لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ڕۆژئاوای عێراق و سووریا ئەگەری هاتنی شەپۆلێکی خۆڵبارین بەرەو ناوچەکانمان دەبێت بە ڕێژەیەکی مامناوەند و بە ڕێژەیەکی نیمچە چڕیش لەسەر ناوچەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک و سەنتەری پارێزگای هەولێر کاریگەری دەبێت بەگشتی لە نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممەدا ٨/٨/٢٠٢٢ کاریگەری کەم دەبێتەوە و بە ڕێژەیەکی کەم تا بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٩/٨/٢٠٢٢ تۆز و خۆڵ لە هەوادا دەمێنێتەوە و دواتر کۆتایی دێت".

ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "کاریگەری ئەم بارستە هەوا فێنکە لە ڕۆژی دووشەممەوە ٨/٨/٢٠٢٢ بەتەواوی دەگاتە سەر ناوچەکانمان و پلەکانی گەرما نزمبوونەوەی زیاتری بەسەردا دێت تا ڕۆژی هەینی ١٢/٨/٢٠٢٢ کاریگەرییەکانی بەردەوامی دەبێت و ئەم مەودایە بەگشتی تێکڕای پلەکانی گەرما لە ئاستی ئاسایی ساڵانەی خۆیدا دەبێت".