image


پەیامی کورد... سه‌رۆك بارزانى پێشوازی لە باڵوێزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق کرد

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى پێشوازیی له‌ باڵوێزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق كرد و ڕایگه‌یاند: "پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەدایە كە هەڵبژاردنەكانی هەرێمى كوردستان بە زووترین كات ئەنجام بدرێن".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 7/9/2022 لە سەلاحەددین، سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە ڤیلە ڤاریۆلا، باڵوێزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد، لە دیدارەكەدا باڵوێزی یەكێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند كە یەكێتیی ئەورووپا بە بایەخەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكات و ڕۆڵی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە بەرز دەنرخێنێت، ئەوەشی خستە ڕوو كە یەكێتیی ئەورووپا بڕیاری داوە نوێنەرایەتییەكەی فراوانتر بكات و نوێنەرایەتییەكی هەمیشەیی لە هەرێمی كوردستاندا دابمەزرێنێت.

هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و بنبەستی سیاسیی نێو پڕۆسەی سیاسی عێراق تاوتوێ كران، باڵوێزی یەكێتیی ئەورووپا جەختی لەسەر دەستوور و دیالۆگ وەك بنەمای چارەسەری كێشەكان كردەوە، هاوكات پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی بۆ لەیەكنزیككردنەوەی لایەنە عێراقییەكان هەبوو و پشتیوانیی یەكێتیی ئەورووپاشی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی هەرێمى كوردستان ڕاگەیاند.

لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بۆ بڕیاری یەكێتیی ئەورووپا بۆ كردنەوەی نوێنەرایەتیی هەمیشەیی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان نیشان دا، پەیوەست بە هەڵبژاردنەكانی هەرێمیش ئەوەی خستە ڕوو، پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەدایە كە هەڵبژاردنەكانی هەرێمى كوردستان بە زووترین كات ئەنجام بدرێن و داواشی كرد كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە یارمەتیدان و چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمى كوردستان ڕۆڵی هەبێت.

لەبارەی قەیرانی سیاسیی عێراقیش، سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە هۆكاری لێكترازان و قەیرانی سیاسیی عێراق پابەندنەبوونە بە دەستوور و هەر حكوومەتێكیش كە لە ئاییندە لە عێراقدا پێك بهێندرێت، دەبێ لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی فراوان و بەهێز و پاراستنی مافەكانی هەرێمی كوردستان و ڕەچاوكردنی پڕەنسیپەكانی شەراكەت و هاوسەنگی و سازان، لە چوارچێوەی دەستوور و دیالۆگ بێت.