
پەیامی کورد... سهرۆكی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی له شاندێكى ئهڵمانى کرد
ئهمڕۆ پێنجشەممە 26/1/2023، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازیى له تۆبياس ليندنهر، وهزيرى دهوڵهت له وهزارهتى دهرهوهى ئهڵمانيا و شاندێكى ياوهرى كرد.
وهزيرى دهوڵهت له وهزارهتى دهرهوهى ئهڵمانيا، کورتەیەکی دەربارەی ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان خستە ڕوو و ئاماژەی بە پەیوەندیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کرد و خواستی وڵاتەکەیشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و ئاڵوگۆڕی بارزگانی. هەروەها باسی لەوەش کرد کە بڕیارە شاندێکی باڵای وەبەرهێنەر و خاوەنکار و بازرگانانی ئەڵمانی لە ماوەی داهاتوودا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن بە مەبەستی برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی ئەڵمانیای کرد بۆ پشتیوانیی بەردەوامی لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە شەڕی دژی تیرۆر و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، پێزانینی هەرێمی کوردستانيشی بۆ پەرلەمانی ئەڵمانیا دەربڕی بۆ بەجێنۆسایدناساندنى كۆمهڵكوژي ئێزدييان.
سەرۆکی حکوومەت هەروەها سوپاسی ئەڵمانیای کرد بۆ پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، بەتایبەتی لە بواری بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ. لەم بارەیەوە سەرۆکی حکوومەت خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە دوابڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ ڕێگەگرتن لە ناردنی بەشێک لە شایستە داراییەکان بۆ هەرێمی کوردستان، هەوڵێکی دیکەی ناڕەوای ئەم دادگایەیە، بۆ تێکدانی ئەو دەرفەتە نوێیەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەو کەشە ئەرێنیەیە کە لە دواسەردانی شاندی باڵای حکوومەت بۆ بەغدا دروست بوو.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: بەپێی ڕێککەوتنی لایەنەکانی پێکهێنەری حکوومەت و کارنامەی کابینەی نوێی عێراق، پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا لە دوای دەستبەکاربوونی حکوومەتی عێراقەوە هەردوو پڕۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵی و ئەنجومەنی ئیتیحادی دەربچن. چونکە هەنگاو و ڕەفتارەکانی ئێستای دادگای فیدراڵی، بە داخەوە کێشە دروستکردنە لە بەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتن و چارەسەركردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ
گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و هێزە چەکدارە نایاساییەکان و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو کە باڵوێزی ئەڵمانیا لە عێراق مارتن ییگەر ئامادەی بوو.