image

پەیامی کورد     ...   سەرۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزى به‌لژیكا كۆبووه‌وه‌‏

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2022/5/9  نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ‏‏پێشوازى له‌ فیلیب ڤاندین بولك، باڵیۆزى به‌لژیكا له‌ ئوردن و عیراق كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى عیراق و هه‌رێمى كورستان له‌گه‌ڵ ‏‏به‌لژیكا، ڕۆڵى به‌لژیكا له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژى داعشدا، دوا ‏‏په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى پرۆسه‌ى سیاسی عیراق و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، ‏‏تاوتوێ كران.‏

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ بره‌ودان په‌یوه‌ندییه‌كان و فراوانكردنى بواره‌كانى هاویكاری ‏‏هاوبه‌ش كرده‌وه‌ و هاوڕا بوون كه‌ داعش هێشتا مه‌ترسییه‌كى ڕاسته‌قینه‌یه‌ و ‏‏هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشى عیراق و ناوچه‌كه‌ ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ش عیراق پێویستى به‌ ‏‏به‌رده‌وامی پشتگیری نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌.‏

 باڵیۆزى به‌لژیكا سوپاس و پێزانینى ووڵاته‌كه‌ى بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان له‌ ‏‏به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش و قوربانییه‌كانى پێشمه‌رگه‌ ده‌ربرى و دووپاتی کرده‌وه‌ که‌ ‏ووڵاته‌که‌ی وه‌ک هاوبه‌شێکى پابه‌ند به‌ پشتگیری عیراق و هه‌رێمی کوردستان ‏ده‌مێنێته‌وه‌. ‏

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان ‏بارزانی وێڕای ده‌ربڕینی سوپاس و پێزانینی هه‌رێمى ‏كوردستانى بۆ پشتگیرى و هاوكارییه‌كانى به‌لژیكا له‌ ‏شه‌ڕى دژى تیرۆردا، جه‌ختی ‏له‌ پێویستی هاریکاری و هه‌ماهه‌نگی نێوان سوپای عیراق و پێشمه‌رگه‌ کردوه‌ ‏به‌تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی بۆشایی ئه‌منییان هه‌یه‌.‏

دۆخی شه‌نگال و ئاواره‌بوونه‌وه‌ی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ له‌ ئه‌نجامى پێشهاته‌ ئه‌منییه‌كان، ‏ئه‌رک و کاره‌کانی یوونیتاد له‌ عیراق، دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان و گرنگیی ‏گفتوگۆ بۆ لێکگه‌یشتن، پرسی ئازادییه‌کان و ئازادی ڕاده‌ربڕین، په‌تای کۆڤید_١٩ و ‏کاریگه‌رییه‌کانی، دوا پێشهاته‌كانى شه‌ڕ و پێكدادان له‌ ئۆكراین و لێکه‌وته‌کانی، ‏دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌حه‌دییه‌کانی ئه‌مڕۆی جیهان، چه‌ند ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى ‏كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.‏

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان