image

پەیامی کورد     ...     شارەزایەکی کەشناسی ناوی ئەو شوێنانە ڕادەگەێنێت کە بەفر دەیانگرێتەوە

ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، سبەی چوارشەممە ٢٦ی جانیوەری ، کەشی ھەرێم بە سەقامگیری دەمێنێتەوە و پلەکانی گەرما بەرێژەی یەک بۆ دوو پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە و ئاسمانی ھەرێم بە زۆری نیمچە ھەوراوی دەبێت. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەبەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧-١-٢٠٢٢ ەوە ناوچەکانمان دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەراست و کاریگەری بارستە ھەوایەکی ساردی جەمسەری لەگەڵدا دەبێت و شەپۆلێکی مامناوەند بۆ چری بەفر بارین ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە و لەناوچە نزم و سەنتەری شارەکاندا کاریگەری بەشێوەی بارانبارین و ھەندێک کات تەرزە و ھەورە برووسکەشی لەگەڵدا چالاک دەبێت." 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "پلەکانی گەرما بەرێژەی چوار تا پێنج پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە و خێرای با چالاک دەبێت لەسەرەتای شەپۆلەکەوە تا کاتەکانی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە لە ئاراستەی باشوری رۆژئاواوە بەخێرایی ١٥تا ھەندێک کات بۆ ٣٠ کیلۆمەتر زیاتر لە کاتژمێرێکدا." 

بەگوێرەی پێشبینییەکان، "سەرەتا بەفر بارین سەرجەم قەزاو ناحیەی ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە کە بەرزیان زیاترە لە ١٠٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا کاریگەری بارستە ھەوا ساردەکە زیاتر دەبێت لەباران و تەرزەوە کەشەکە لە بەرزیەکانی ٧٠٠ مەتر زیاتر لە ئاستی رووی دەریاوە دەگۆرێت بۆ بەفر بارین و سەنتەری شاری سلێمانی و دەورووبەری دەگرێتەوە، لەخوار ئەم بەرزیەوە کەش بە باران یان باران و بەفر بە تێکەڵی دەبێت." 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "کاریگەری ئەم شەپۆلە بەفر و بارانبارینە تا رۆژی ھەینی ٢٨ی جانیوەری تا کاتەکانی ئێوارە بەلاوازی لەناوچەکەدا بەردەوامی دەبێت و لەشەودا کۆتایی پێدێت، رێژەی بەفر بارین لە ناوچە شاخاوییەکاندا لەماوەی ئەم شەپۆلەدا لەنێوان ١٥ تا ٣٥ سانتیمەتر زیاتر چاوەروان دەکرێت و رێژەی بارانبارینیس لەنێوان ١٠ تا ٢٠ میلیمەتر لەناوچە نزمەکاندا، لە ناوچەکانی سنووری گەرمیان و پارێزگای کەرکووک کاریگەری لاواز دەبێت بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی ھەرێم." 

هەر بەگوێرەی پێشبینییەکان، " كاریگەری بارستە ھەوا ساردەکەی ئەم جارە زۆر بەھێز نابێت لەسەر ناوچەکە و پلەکانی گەرما بەراورد بە شەپۆلی ڕابردوو کەمتر نزمبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت و تا کۆتایی مانگیش لە ئاستێکی جێگیردا دەمێنێتەوە."