image


پەیامی کورد... شەش منداڵ لە شارەکانی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندران

شەش منداڵ لە شارەکانی سنە و مەریوان و کەڵاتەرزانی سەر بە شاری سەوڵاوا بە ناوەکانی ئاڵا دەستی، پێشەوا ئەحمەدی، کارۆ فەتحی، قانع لوتفی، کاروان محەممەدی و ئەشکان دووستی، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢)، دوو مێرمنداڵ بە ناوەکانی قانع لوتفی و کاروان محەممەدی خەڵکی گوندی "دادانە کەمانگەر" کە هەردووکیان تەمەنیان ١٧ ساڵە، لەلایەن هێزە حکومەتییە جێگیرکراوەکان لە شاری سنە ڕفێندراون.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٣٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، ئاڵا دەستی، تەمەن ١۵ ساڵ لە گۆڕەپانی ئێقباڵ (ئازادی)ی شاری سنە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراوە.

هەر لە درێژەی ڕەوتی ڕفاندنی منداڵانی کوردستان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لە شاری مەریوان ڕۆژی دووشەممە، ٧ی سەرماوەز، ئەشکان دووستی، تەمەن ١٧ ساڵ لەسەر کارەکەی واتە گەڕەکی "تەپەی مووسک" و لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراوە و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە، ۶ی سەرماوەز، کارۆ فەتحی و ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی سەرماوەز، پێشەوا ئەحمەدی، کە هەردووکیان تەمەنیان ١٧ ساڵ و خەڵکی گوندی نگڵ لە ناوچەی کەڵاتەرزان سەر بە شاری سەوڵاوا بوون، پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون، بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو ٦ کەسە ناڕوونە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان لەوبارەوە بێ ئاکام ماوەتەوە.