image


پەیامی کورد … پێشوازی مەسروور بارزانی لە بەرپرسی نوێی نووسینگەی کونسولگەریی ژاپۆن لە هەولێر

 

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی نیسانی ٢٠٢١، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە نیکیهیرۆ ئاراکاوا بەرپرسی نوێی نووسینگەی کونسولگەریی ژاپۆن لە هەولێر کرد.

 

سەرۆکی حکوومەت، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە بەرپرسی نووسینگەی کونسولگەریی ژاپۆن کرد و هیوای خواست لە ئەرکەکانیدا سەرکەوتوو بێت و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ژاپۆن، لە هەموو بوارەکاندا پەرە پێ بدات.

 

لە کۆبوونەوەکەدا، کە تۆیاما کەی بەڕێوەبەری نووسینگەی ئاژانسی هاریکاریی نێودەوڵەتیی جایکای ژاپۆنی لە عێراق بەشدار بو ، گفتوگۆ دەربارەی کار و پڕۆژەکانی ئاژانسی جایکا لە هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی هەماهەنگیی لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.

 

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی هاوکارییەکانی وڵاتی ژاپۆن و بەتایبەتی ئاژانسی جایکای کرد کە ماوەیەکی زۆرە لە ڕێگەی ئەنجامدانی پڕۆژەکانییەوە، خزمەت بە هەرێمی کوردستان دەکات، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پێشوازیکردن لە وەبەرهێنەرانی ژاپۆنی دووپات کردەوە.