image


پەیامی کورد... کتێبی "قاتڵانی کۆشکی فیرووزە" بۆ یەکەم جار وەرگێڕدرایە سەر زمانی فارسی

کتێبی "قاتڵانی کۆشکی فیرووزە" لە نووسینی "ڕۆیا حەکاکیان" لەلایەن "ئارەش جوودەکی" بۆ یەکەم جار وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی.

ئەو کتێبە پێشتریش لەلایەن مامۆستا "عەبدوڵڵا حەسەن زادە" وەرگێڕدرابووە سەر زمانی کوردی.

کتێبی "قاتڵانی کۆشکی فیرووزە" پەردە لەسەر گەڵاڵەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی تیرۆری ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵدەگرێت کە لەودا سێ کەس لە ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تیرۆر کران.

کەسایەتی و ڕووداوەکانی نێو کتێبەکە هەموو واقیعین و کتێبەکە بەپێی کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەرشیفی ڤیدیۆیی، وتووێژی ڕادیۆیی - تێلێڤیزیۆنی، ماڵپەڕە تاکەکەسییەکان و نووسراوە و دەفتەری بیرەوەریی کەسانی ئاگادار لە تێرۆرەکە نووسراوە.

هەروەها لە کتێبەکەدا کەڵک لە کۆمەڵێک لە ڕاپۆرتەکانی دادگا، نووسراوە، یادنامە، بەڵگەی پۆلیسی، وتاری ڕۆژنامەکان، گۆڤارەکان و هەر وەها وتە و بیرەوەری زۆرێک لەو کەسانەی کە بەهۆی ئەو تیرۆرەوە زیانمەند بوون، وەرگیراوە.

کتێبەکە هەڵگری چۆنیەتی تیرۆری دکتۆر "سادق شەرەفکەندی" سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، "فەتاح عەبدولی" ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات، "هومایوون ئەردەڵان" ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزب لە وڵاتی ئاڵمان و "نووری دێهکوردی" دۆستی حیزبە کە لە ١٧ سێپتامبری ساڵی ١٩٩١ بەرامبەر بە ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاوی لە ڕێستۆرانتی "مێکۆنووس" لە شاری " بەرلین"ی وڵاتی ئاڵمان تیرۆر کران.

قەتڵە زنجیرەییەکان بریتی بوون لە لیستەیەکی ٥٠٠ کەسی کە لەلایەن "خومەینی"یەوە مۆری بەڕێوەبردنیان لەسەر درابوو و ئەو گەڵاڵەیە بە تیرۆری دکتۆر سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی کۆتایی پێ هات.