image

ڕاوێژکارێكی پارتی کۆمارییەکانی ئەمەریکا دەڵێ، کرانەوەی فڕوکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی بە گوشاری ئەمریکایە. لەبارەی لادانی رێکس تیلەرسنیشەوە گوتی، دەمێک بوو کە ترامپ بەرنامەی هەبوو تیلەرسن بگۆڕێ، چونکە ستایلی کارکردنی ترامپ فەوزای لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دروست کردبوو.

بۆچی تیلەرسن دوور خرایەوە؟
زەردەشت تۆفیق بەگ کە دانیشتووی ئه‌مه‌ریكایه‌ و راوێژکاری پارتی کۆمارییەکانی ئەمەریکایە ، رایگەیاند، دەمێکە دۆناڵد ترامپ کێشەی لەگەڵ رێکس تیلەرسندا هەیە، چونکە  تیلەرسن کەسێکی گلۆبالیستە و دۆناڵد ترامپیش لەگەڵ ئەو گلۆبالیستییەی ئەودا نییە، ''کاتێک ئەمەریکا کێشەی لەگەڵ کوریای باکووردا هەبوو، تێلەرسن سەردانی کۆریای باشووری کرد و پێچەوانەی دۆناڵد ترامپ لێدوانی دا و، پێچەوانەی ئەجێندای ترامپ رەفتاری کرد."

لابردنی تێلرسن لە بەرژەوەندیی کوردە
زەردەشت تۆفیق بەگ لەبارەی هەڵوێستی تیلەرسن بەرانبەر بە کورد دەڵێ، ''تیلەرسن بەرژەوەندیی ناتۆی لە ناوچەکە لە کورد لا گرینگتر بوو، ئەو یەکێک بوو لەوانەی رێگری کرد و نەیهێشت ئەمەریکا هاوکاریی کورد بکات. تیلەرسن زیاتر باوەڕی بە پاکێج و گلۆباڵییەکه‌ی خۆی هەبوو و، باوەڕی وابوو کە پێوەندییەکی باشی لەگەڵ تورکیادا هەبێ، نموونەی بەردەستیش عەفرینە کە ئەو هیچ هەڵوێستێکی لەبارەی عەفرینه‌وه‌ نەبوو، ئامانجی سەرەکیی تیلەرسن ئەوەبوو کە پێوەندیی ئەمەریکا لەگەڵ تورکیا و چین و ئوسترالیا و کەنەدا و وڵاتانی ئەمەریکای باشوور باش بکات، ئەمەش ترامپ لەگەڵی هاوڕا نەبوو.''

کێشە نێوخۆییەکانی عێراق لە دیتی ئەمریکاوه‌
زەردەشت تۆفیق بەگ لەبارەی کرانەوەی فڕوکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی لەلایەن بەغداوه‌ کە گەمارۆی نێودەوڵەتی خستبووە سەر، دەڵێ، ئەمەریکا گوشاری خستەسەر بەغدا کە دەبێ فڕوکەخانەکان بکرێنەوە و به‌ بڕوای ئه‌و، ئەمەش دوو دیوی هەیە، یەکێک ئەوەیە کە ئەو وڵاتانەی کە پێوەندییان لەگەڵ عێراقدا هەیە بەم رەفتارەی عێراق تووڕە بوون، چونکە ئەمە پرسێکی بارزگانییە نەک سیاسی، دیوێکی دیکەشی ئه‌وه‌یه‌ کە ئەمەریکا گوشاری لە عێراق کردووە كه‌ دەبێ گوزەرانی خەڵکی کوردستان باش بکات. دەشڵێ، لەم دواییەدا بەرنامە هەبوو کە عێراق ئاوەدان بکرێتەوە، بەڵام هیچ وڵاتێک ئەوەی نەکرد، ئیدی تەنیا ئەمەریکا دەیەوێ ئەوکارە بکات، بۆیە ئەمەریکایش کارتی بەهێزی لە عێراقدا لە دەستە.