
پەیامی کورد... تەندروستیی هەرێمی کوردستان: 67 کەس لە بریندارانی ڕووداوەکەی حەمدانییە لە نەخۆشخانەکانی ھەرێم چارەسەر وەردەگرن
وەزیری تەندروستیی حکوومەتی کاربەڕێکەری ھەرێمی کوردستان-عێراق، سامان بەرزنجی ڕایگەیاند کە تا ئێستا 67 کەس لە بریندارانی ڕووداوەکەی ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای حەمدانییە لە نەخۆشخانەکانی ھەرێم چارەسەر وەردەگرن کە برینی زۆربەیان سەختە و باری تەندروستییان ناجێگیرە.
وەزیری تەندروستیی حکوومەتی کاربەڕێکەری ھەرێم، سامان بەرزنجی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا دوایین زانیاری لەبارەی ڕەوشی بریندارانی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ھۆڵێکی بووک گواستنەوە لە قەزای حەمدانییە سەربە پارێزگای نەینەوا خستەڕوو.
وەزیری تەندروستیی حکوومەتی کاربەڕێکەری ھەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، کە تا ئێستا 67 کەس لە بریندارانی ڕووداوەکەی ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای حەمدانییە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی ھەرێم کراون کە 47یان لە نەخۆشخانەکانی ھەولێر و 20ی دیکەیان لە نەخۆشخانەکانی دھۆک چارەسەر وەردەگرن.
سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەیشدا، زۆربەی ئەو بریندارانەی کە بۆ چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی ھەرێم کراون، برینەکانیان سەختە و باری تەندروستییان ناجێگیرە و لەژێر چاودێری چڕدان.
وەزیری تەندروستیی ھەرێم، سامان بەرزنجی ووتیشی: "تا ئێستا دوو لە بریندارەکانی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای حەمدانییە لە نەخۆشخانەکانی ھەرێم گیانیان لەدەستداوە کە یەکێکیان ئافرەتێکی تەمەن 30 ساڵە و ئەوەی دیکەیش منداڵێکی تەمەن چوار ساڵە".