image


پەیامی کورد … یەکێتی ئەورووپا داوای ئازادی دەمیرتاش دەکات

دوای چوار رۆژ كۆبوونەوەی كۆمیتەی وەزیرانی كۆنسەی ئەورووپا، نیگەرانییەكانیان لەبارەی توركیا دوپاتكردەوە، بەهۆی ئەو پێشێلكارییەی بەرامبەر بە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپای دەكات، لەبارەی ئازادنەكردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە).

لە 22/12/2020، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، داوای لە توركیا كرد دەمیرتاش ئازاد بكات، چونكە دوای دوو دانیشتنی دادگایی، بۆیان دەركەوت بە بێتاوان لە زیندانە و پێویستە ئازاد بكرێت.

بەڵام كۆمیتەی وەزیرانی كۆنسەی ئەورووپا، دەڵێن لەوڕۆژەوەی دادگا داوای ئازادكردنی دەمیرتاشی كردووە، لە لایەن توركیاوە هیچ ئەنجامێكی نەبووە و حیسابی بۆ بڕیاری ئەو دادگایە نەكردووە، كە خۆی ئەندامە تێیدا.

بۆیە داوا لە توركیا دەكات، كە بەپەلە دەمیرتاش ئازاد بكات، هەروەها هۆشداریشی دەدەنێ، كە لە مانگی 3ی 2022، دووبارە لەبارەی ئەو كەیسە كۆ دەبنەوە و ئەگەر دەمیرتاش ئازاد نەكرابوو، ئەوكات بڕیاری تر لەبارەی توركیاوە دەدەن.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی چەند میدیایەكی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، ئەگەر توركیا دەمیرتاش ئازاد نەكات، ئەگەر بەهێزە، توركیا لە ئەندامییەتی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا دەربكرێت، ئەمەش بۆ ئەندامبوونی توركیا لە یەكێتی ئەورووپا زۆر خراپە و كاریگەری راستەوخۆشی لەسەر رەوشی ئابووری توركیا دەبێت.

دەمیرتاش، لە 4/11/2016 لە ئامەد لە ماڵەكەیدا خۆیدا، پۆلیس هەڵیكوتایە سەری و دەستگیریان كرد. ئەگەرچی تاوەكوو ئێستا بڕیار لەبارەی دۆسیەكەیەوە نەدراوە، بەڵام بە تۆمەتی ئەوەی هەوڵی داوە دووبەرەكی لە نێوان پێكهاتەكانی توركیا دروست بكات و پاڵپشتی لە تیرۆر دەكات، بۆیە ئازاد نەكراوە.