image



پەیامی کورد... واتسئەپ گۆڕانکارییەکی نوێ دەکات

واتسئەپ گۆڕانکارییەکی نوێ لە تایبەتمەندییەکیدا دەکات و چیتر کەس نازانێت تۆ “کارا”یت یاخود بەردەست نیت.

“کارایە” ئەو وشەیەیە کە زۆر جار گلەیی هاوڕێ و دۆست و تەنانەت کەسوکاری لێدەکەوێتەوە، کاتێک وا دەردەکەوێت کەسێک لەسەر هێڵی ئینتەرنێتە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە کار دەهێنێت، بەڵام بەهۆی بە دەمەوە نەچوون و وەڵامنەدانەوەی بەرامبەرەوە، ڕووبەڕووی ڕەخنە و گلەیی دەبێتەوە، تەنانەت لە کۆمەڵگەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بووەتە هۆی جیابوونەوەی چەندین هاوسەر لە یەکدی.

دوایین گۆڕانکاری واتسئەپ، لابردنی وشەی “کارایە”یە و بەوەش کاتێک دەچیتە ناو چاتی خۆت و کەسێکی ترەوە، نازانیت ئەو کەسە لەسەر هێڵە یاخود نا.

ماڵپەڕی (WABetaInfo) بڵاوی کردەوە، واتسئەپ ئێستا تاقیکردنەوە لەسەر لابردنی تایبەتمەندیی “online” دەکات “چونکە بەشێک لە بەکارهێنەران هەست دەکەن بەردەوام ڕاو دەنرێن، یاخود کاتێک کەسی بەرامبەر دەزانێت ئەو بەکارهێنەرە کارایە، نامەی زۆری بۆ دەنێرێت بە تایبەت لە درەنگانی شەودا و بەوەش بێزاری دەکات”.

بەپێی هەواڵێکی (WABetaInfo)، ئەو گۆڕانکارییەی واتسئەپ هەموو بەکارهێنەرانی دەگرێتەوە کە بریتین لە بەکارهێنەرانی ئەو ئامێرانەی بە هەر دوو سیستەمی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس کار دەکەن، تەنانەت ئەو کەسانەشی کە بە کۆمپیوتەر واتسئەپ بەکار دەهێنن.