
خۆزگە تا ئەم ڕادەیە نە ئەبووین بە یاری دەستی دوژمنان ، کورد تەنیا بەرامبەر بە گەلی خۆی باش سیاسەت دەکات
ئەوەی لای من جێگای سەرسووڕمانە سەرەڕای ئەو هەموو گێرەو کێشانەی ساڵانێکی زۆرە لە لایەن دوژمنانی نەتەوەی کوردەوە بە سەر ئەو گەلە دا دێت هێشتا ئاستی تێگەیشتن و تێڕامانی سیاسی و سیاسەتمەداری ئەم گەلە وەکوو منداڵێکە کە هێشتا زمانی نەگرتووە و نەکەوتووەتە سەر پێ وەکوو ئەوەی کە ئەو چەن ساڵەی ئەزموون و تاڵی و شەڕ و نەهامەتییە هیچ بە سەر ئەو خەڵکەدا تێنەپەڕیوە . هەردەمێک داوامان بکەن بە ئاسانی مل کەچی ئەوان دەبین و پێش هەموو شتێک ڕسوا دەبن ، ئایا ئەگەر ئەو هێز و تاقەتەی کە بۆ هاوکاری کردنی دوژمن ئەوەیش بۆ لە ناو بردنی خۆت بەکاری دەهێنی بۆ ئاوەدانی و یەکڕیزی و پێکەوە ژیانی کورد بە کارت بهێنابا ئێستا لە قۆناغێکدا دەبووی هیچ بیرت لەوە کردووەتەوە هەرچەند من تا ڕادەیەکی زۆر و بەڵکوو لە ڕادەبەدەریش دڵگەش و گەشبینم چوونکە بیر و باوەڕەکانم لە ئاستی دیپلۆماسی لە بەرزیدایە بەڵام من تاکێک و کۆمەڵگای کوردیش سەرووی ٦٠ میلیۆن ە بە هەزارەها بیر و بووچوونی جیاوازەوە کە دەکرێت لە هەنذیک بواردا یەکبخرێت کە ئەمەش تا ئێستا لە ئاستی پێویستدا کاری بۆ نەکراوە جا بۆیە من ناتوانم پێناسەی تەواوی خۆم لەو گەلەدا بسەپێنم و بیناسێنم بەڵام دەمەوێ بڵێم ئیتر بەسە
پێویستە تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایە بەتایبەت ئەوانەی خۆیان بە نۆخبە و کەسی دیار و بەرپرس لە ئاستی سیاسەت و ژیانی ئەم گەلەدا دەزانن پێداچوونەوەیک بە سیاسەتی هەڵەی خۆیاندا بکە ن .پێش ئەوەی جیهانی بن پێویستە ناوخۆی خۆیان ڕیک بخەن بە ئاسانی ڕادەستی داواکارییەکانی دوژمن نەبن . ئەو مێژوویەی کە دوژمن لە ئێمەی دەست کەوتووە پێویستە بگۆڕدرێت لە سیاسەت بەرامبەر بە دەرەوەی نەتەوەکەمان هەر ڕۆژ شتێکی نوێمان هەبێ پیلان و ئەو سیاسەتەی لە داهاتوودا هەمانە بۆ کەسانی دەرەوەی ئەم گەلە هەموو کات ناڕوون و لە تاریکی بێ نەوەک هەموو شتێکمان پەتەی سەر ئاو بێ دواتر لە چاڵێک کە خۆمان هەڵمانداوە بمێنینەوە ، بۆ نموونە دوژمن ئەوەندە بە باشی لە کولتوور و بیر و ڕای گەلی ئێمە تێگەشتووە کە باش دەزانم ئێمە خۆمان بەوڕادەیە یەکتر ناناسین بەڵکوو ئێمە باش دەتوانین یەکتر هەڵبخەڵێتێنین لەگەڵ یەک درۆ بکەین یەکتر بفرۆشین بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندی تاکە کەسی و بنەماڵەیی، تەنانەت خاک و نامووسیش بفرۆشین . هەر کاتێک بەیاننامەیەک یا خود نووسراوێک بە ناوی کەسێکی کوردەوە لە لایەن دەوڵەتێکی فاشیستەوە بڵاو دەکرێتەوە ئەم میللەتە داماوە بە خۆشمەوە لەوانەیە لەگەڵ ڕیزم بەڵام یان لە گێلی و نەزانی یانیش چوونکە باوەڕمان بە خۆمان نییە زوو زوو باوەڕی پێ دەکەین چوونکە ئێمە فێر نەبووین ڕێز لە یەکتر بگرین و لە ووڵامی دوژمندا سەربەرزانە ڕاوەستین و بڵێین وا نییە جا ئەگەریش وا بێ ئێمە نایکەین چوونکە ئێستا ئیتر ئێمە هەموو پیلانەکانی دوژمن دەزانین بەڵام بە داخەوە تا پێمان دەکرێت نووسراوی دوژمنانمان پێ ڕاست و جێگای باوەڕەو بەپەلە بڕیار لە سەر گەل و ناسنامە و عەقڵیەتی یەکتر دەدەین و هەمان پیلان کە دوژمن دایڕشتووە زۆر بە ئاسانی بە سەر خۆماندا جێ بە جێی دەکەین . لە حاڵێکدا ئەگەر بە باشی تەماشای نەتەوەکانی دیکەی جیهان بکەین تەنانەت ئەگەر گەورەترین شەڕی مێژووی ش یان بەرامبەر بە یەک هەبێت هیچ کات خۆیان بۆ کەسێکی دەرەوەی ووڵاتەکەیان نادۆڕێنن ... جا بۆیە لێرەوە پرسیاری من ئەوەیە بۆچی ؟
ئایا لە بەر پلە و پۆستە ؟
ئایا لە بەر ماڵ و مۆڵکە ؟
ئەم ئایا یانە زۆرن بەڵام
جا خۆ ئەگەر لەبەر پلە و پۆستیش بێ خۆ هەر لە بەر ئەم نەتەوەیە و لە سەر ئەم خاکە وەریدەگری بەڵام ئاست و پلەی خۆی لە لای ئەو کەسانەی کە " باشترە بڵێین " خۆتی پێیان دەفرۆشی لە چ ئاست و خاڵێکدایە
بیر و بۆچوونی ئەوان لە سەر تۆ کە دەتوانی بە ئاسانی گەل و نەتەوە و خاکی خۆت بفرۆشی چییە ؟
وا بیر دەکەیتەوە زۆر بەم کارە بەرزتر و نموونەیی تر دەبی
یا خود لەوانەیە ببی بە پاشا و حۆکمڕانی ئەو ووڵاتەش کە خۆتت بۆ سووک و ڕسوا کردووە و گەلێکی داماویشت کردووە بە پردی پەڕینەوەی خۆت هەر ڕۆژ سیناریۆیەکی نوێیان بۆ دادەڕێژیت ؟
ئەمانە هەموو پەتی سەر ئاوە دەزانی بۆچی ؟ چوونکە کەسانی زۆر لە تۆ بە هێزتر و ووڵات پارێزتر نەیانتوانی لە ئاستی خودایی باوەڕەکانی خۆیاندا بمێنن و دەسەڵاتیشیان بە جێهێشت ، جا تۆ چۆن دەمێنی ، ئەوە ئیتر با بۆ مێژوو بمێنێ .
لێرەوە داوایەکی هەر چەند لەوانەیە هیچ بایەخیشی نەبێ بەڵام دەیکەم و دەیڵێم . تکا دەکەم یەک بە یەکی بەرپرسان و ئاست بەرزانی کۆمەڵگای نەزانی سیاسی کورد چیتر ئەم گەلە داماوە نەکەن بە پردی ئارەزووە هیچ و نەبڕاوەکانی خۆیان ئەم دونیایە وەفای بۆ کەس نییە هەندێک بە خۆتان دا بچنەوە ئێوەش دەمارێکی ئەم گەلەن باش بزانن چەند ئەم دەمارە پتەوتر بێ سووڕان و گەڕانی خوێن لە شادەمارەکانی دەوڵەت و حۆکمڕانیتان دا بە هێزتر و دیاتر و زیاتر دەبێتە جێگای بایەخی کەسانی دیپلۆمات لە ئاستی ناوخۆیی و جیهانی دا
ئەگەر ئێمەی کورد ئەوەندە دڵ ساف و زوو باوەڕ نەبووینایە لەوانەیە ئێستا دۆخەکە تا ڕادەیەک جیاوازتر دەبوو ، چوونکە ئەو بەهرە و توانایەی کە لە عەقڵ و زانستی کورد دا هەیە لە هیچ نەتەوەیەکدا بەدی ناکرێت بەڵام خۆمان ، خۆمان بێ خاوەن دەکەین .
من دەڵێم خۆزگە ئەوەندە بێگانە پەرستین نیوەی ئەوەش سەرمان بە زمان و ڕاستی و مێژووی خۆمان بەرز ڕابگرتبا ئەو کاتە دەماندیت ئێمە لە ئاستی جیهانیدا لە چ پلەیەکی بەرزین . کورد نەتەوەیەکی ئەوەندە گەورەیە کە تاکوو ئێستا هەموو دونیا نایەوێت ئەم گەلە ببێتە خاوەن کیان و مەکانەتی خۆی و ببێتە دەولەت ، ئایا تا ئێستا لە خۆتان پرسیوە بۆچی ؟
ووڵامی ئەم پرسیارە لە نووسراوی داهاتوومدا بە تێر و تەسەلی پێتان ڕادەگەێنم ، بەڵام هیوادارم ببێتە ڕێگایەک بۆ گەیشتن بە ئامانجی گەورەی نەتەوەی ٦٠ میلیۆنی گەلی کورد لە ٥ پارچەی خاکی کوردستان دا .
سارێ بێ
21.06.2019