image
اسماعیل بیشێکچی نوسەر
image

جەنەراڵی خانەنشین تونجەر کڵنچ لەبارەی شەڕی پەکەکە گوتی:"شەڕ لەگەڵ پەکەکە بۆ ئێمە زۆر گرنگ نییە. چونکە ئێمە کۆنترۆڵی ئەو شەڕە دەکەین. بەڵام لە هەموویان مەترسیدارتر دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانە کە لە نزیک سنووری وڵاتەکەماندا وردە وردە کاری بۆ دەکرێت. ئێمە هەوڵدەدەین ئاستەنگ لەبەردەم ئەو ئامانجە دروست بکەین. دەبێت بڵێم کە ئێمە سەرکەوتوو بووین لەوەی حکومەتەکەی بارزانی بە خراپ نیشانی کوردانی تورکیا بدەین و لە بابەتەدا سەرکەوتنمان تۆمارکردووە".

ئەو هەڵوێستانەی دژی دۆزی نیشتمانیی کوردن، لە جیاوازیی پارچەکانی کوردستاندا بەدەردەکەون. ئەمەش بەگوێرەی پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ عەرەب، تورک و فارسەکان دروستبووە و بەگوێرەی دژبەریی ئەو خەڵکانە دەگۆڕێت. لەم رووەوە دەکرێت روونکردنەوەکەی تونجەر کڵنچ وەکو سەرچاوەیەکی گرنگ بەکاربهێندرێت. (تونجەر کڵنچ، د، 1938، جەنەراڵی خانەنشین، ساڵانی 2001-2003 سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی)

جەنەراڵی خانەنشین تونجەر کڵنچ لەبارەی شەڕی پەکەکە گوتی:"شەڕ لەگەڵ پەکەکە بۆ ئێمە زۆر گرنگ نییە. چونکە ئێمە کۆنترۆڵی ئەو شەڕە دەکەین. بەڵام لە هەموویان مەترسیدارتر دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانە کە لە نزیک سنووری وڵاتەکەماندا وردە وردە کاری بۆ دەکرێت. ئێمە هەوڵدەدەین ئاستەنگ لەبەردەم ئەو ئامانجە دروست بکەین. دەبێت بڵێم کە ئێمە سەرکەوتوو بووین لەوەی حکومەتەکەی بارزانی بە خراپ نیشانی کوردانی تورکیا بدەین و لە بابەتەدا سەرکەوتنمان تۆمارکردووە". (25ی نیسانی 2021 www.kürdistan24.net)

لێرەدا باس لە دامەزراندنی 'دەوڵەتی کوردستان' لەلایەن 'ئیدارەی بارزانی' دەکرێت. ئەمە دەبێتە هۆی کردنە رۆژەڤی ناوچەی بەهدینان-بارزانی لە بورۆکراسیی عوسمانی، دواتریش پەیوەندیداری دەکات بە ئینگلیزەکانی بەغدا و دواتریش بە بورۆکراسیی عەرەبەوە گرێی دەدات.

***

تایبەتمەندیی ناوچەی بارزان- بەهدینان ئەمانەن: پێکهاتەی سەرەکیی ئەو ناوچەیە بازرانییەکانن کە هەمیشە بزووتنەوەیەکی نەتەوەییان لەسەر بنەمای خاک هەبووە و هەمیشەش لە بورۆکراسیی عوسمانی خۆیان بە دوور گرتووە. دواتریش لە ساڵانی 1920، 1930، 1940 و 1950کاندا لەگەڵ بورۆکراسیی ئینگلیزەکان لە بەغدا و دواتریش لە ساڵانی 1960کاندا لەگەڵ بورۆکراسیی عەرەبەکاندا، هەمیشە خۆی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان بە دوور گرتووە. ئەوان هەموو کات بەدوای بزووتنەوەیەکی نیشتمانیی وەها کەوتوون کە لەسەر بنەمای خاک بونیاتنراوە. ئەمە لە 1870کانەوە، لە سەردەمی موحەممەد بارزانی (1903 ز)یەوە بەمجۆرە بووە. شێخ عەبدولسەلام بارزانی (1868-1914)، شێخ ئەحمەد بارزانی (1896-1969)، مەلا مستەفا بارزانی (1903-1979) نوێنەری ئەو بزووتنەوەیەن کە لەسەر بناغەی خاک بونیات نراوە. ئەمڕۆش مەسعود بارزانی نوێنەرە کە لە ساڵی 1946وە درێژەپێدەری ئەم هەڵوێستەیە.

ئەمە هەڵوێستێکی تەندروستانەیە. ئەم هەڵوێستە تایبەتمەندییەکانی پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردیی پاراستووە و رێگر بووە لە بەردەم تێکچوونی ئەو پێکهاتەیە.

لە باشووری کوردستاندا و لە ناوچەی سلێمانیدا هەڵوێستێکی زۆر جیاوازتر هاتە کایەوە. بۆ نموونە بابانییەکان کە پێکهاتەی سەرەکیی سلێمانین، هەمیشە لەگەڵ بورۆکراتە عوسمانییەکان، پێش ساڵانی 1960کان لەگەڵ بورۆکراتە ئینگلیزەکانی بەغدا و دواتریش لەگەڵ ئەو عەرەبانەی دەسەڵاتیان وەرگرت، لە پەیوەندییەکی نزیکدا بوون؛ پەیوەندیی نێوخۆیی و دەرەکییان هەبووە. ئەم پەیوەندییانە پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردیی تێکداوە. کوردەکانی لە بەهای کوردبوون و کوردستانی بوون دوورخستووەتەوە. بۆ نموونە دەیان کەسی بابانییەکان لەپێگە بورۆکراتییەکانی عوسمانییەکاندا بوون. دەیان کەسیان لە نێو سوپای عوسمانیدا پۆستی پاشایان هەبوو. هەروەها دەکرێت باس لە دەیان بورۆکرات و پاشای بەدرخانییەکان بکرێت. ئەوانە هیچ کاتێک لە نێو بورۆکراسیەتی عوسمانیدا داکۆکییان لە بەهای کوردبوون و کوردستانی بوون نەکردووە. هیچ کاتێکیش ئەو بەهایانەیان نەکردووە بە رۆژەڤ. ئەو پەیوەندییە ناتەندروستانە پێکهاتی کۆمەڵگەی کوردییان تێکداوە.   

با وەبیرمان بێتەوە: لە سەردەمی کودەتاکەی 12ی ئەیلوولدا وەزیری رۆشنبیریی ئەو حکومەتەی کەنعان ئێڤرەن پێکیهێنا، جیهاد بابان بوو. لەو کاتەدا (1911-1948) یاسایەکیش دەرچوو کە زمانی کوردیی قەدەغە کرد. یاساکە ساڵی 1983 بە ژمارەی 2932 دەرچوو. یەکێک لە دانەرانی بیرۆکەی ئەو یاسایە جیهاد بابانی رۆژنامەنووس بوو کە بابانییە. رۆژنامەنووس جیهاد بابان رۆژی 27ی ئایاری 1960'یش کە حکومەتی بەرهەمی کودەتا بوو، بە وەزیری راگەیاندن-بڵاوکردنەوە و گەشتیاری دامەزرا.  

هەروەها لە نزیکەوە دەزاندرێت جەمال کوتای کە لە بەدرخانییەکانە (1909-2006) چ کارێکی کردووە. هەڵبەتە کاتێک ناوی بەدرخانیەکان دەهێنین، پێویستە میقداد بەدرخان، ئەمیر عەلی بەدرخان، سورەیا کامەران و براکانی جەلادەت بەدرخان لە فۆرمێکی جیادا هەڵبسەنگێنین. تەنیا لەبەر ئەوەی لەم کاتەگۆرییەدا شوێنیان گرتووە، بەدرخانیەکان وەکو بنەماڵە کوردە گرنگەکانی وەکو موکریانیەکان، بارزانییەکان، جاسمییەکان، جەلیلیەکان ناویان هەیە. 

لەگەڵ ئەوەی لە نێو بورۆکراسیی عوسمانیدا پێگەیان هەبووە، کەسانی وەکو نووری دەرسیمی، مستەفا یاموڵکی و عەبدولرەزاق بەدرخان، ناویان لە کوردانی نەتەوەیی و بە ویقاردا هەبووە. بە شێوەیەکی گشتی ئەوانە ژمارەیان کەم بووە.

بەهۆی پرۆگرامی قوتابخانە عوسمانی، دواتر لە قوتابخانە ئینگلیزییەکان، دواتریش لە قوتابخانە عەرەبی، فارسی و تورکیەکان، کوردەکانی لە هەڵوێستی کوردانە و کوردستانیانە دوورخستەوە. هەروەها رێگەی لە یەکبوون و یەکخستنیان گرت. ئامانجی سەرەکیی ئەو پرۆگرامانەی لەم قوتابخانانەدا جێبەجێکرا، دوورخستنەوەی کوردان بوو لە بەهای کوردبوون و کوردستانی بوون. 

پێویستە بەشێک لە قوتابخانە کوردییەکان لەم بابەتەدا جیا بکرێنەوە. بۆ نموونە دەکرێ بڵێین ئەو کوردانەی لە قوتابخانەکانی مەلا عەبدوڵا تیمۆقی (1904-1992) خوێندوویانە، بەها نەتەوەییەکانیان پاراستووە و بەرەو پێشیان بردووە. بەڵام ئەو کوردانەی لە قوتابخانە تورکییەکاندا خوێندیان چانسێکی وەهایان نەبوو.

لەم رووەوە بە بڕوای من دەرکەوتنی سەرکردەیەکی نەتەوەیی لەو چینەی باسم لێوە کرد، چاوەڕوانکراو نییە. بەڵام دەرکەوتنی سەرکردەی نەتەوەیی لە ناوچەی بارزان-بەهدینان زۆر ئاساییە. چونکە لەوێدا پێکهاتە نەتەوەییەی کورد تێکنەچووە. تەندروست ماوەتەوە.    

دەکرێ ئەمەش بگوترێت: ئەگەر مەلا مستەفا بارزانی لە قوتابخانەی عوسمانیی ئەکادیمیای سەربازیی ئیستەنبووڵ بیخوێندبا، یانیش لە قوتابخانەی سەربازیی عەرەبەکان لە بەغدا بیخوێندبا، دەبووە سەرکردەیەکی نەتەوەیی و سەرکەوتوو؟

ئەگەر قازی محەممەد پەیوندیی بە قوتابخانە کوردییەکانەوە نەبووایە، دەبووە ئەو قازی محەممەدە؟

لەم دواییانە دەبینرێت دەوڵەت دەستوەردەداتە قوتابخانە کوردییەکانیش. بۆ نموونە دەوڵەت لە تەنیشت قوتابخانەی مەنزل، قوتابخانەیەکی دیکەشی دروستکردووە کە لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئایدۆلۆژیای فەرمیدا خوێندن پێشکەش دەکات.

لەم بابەتەدا ئەوەش گرنگە لێکۆڵینەوە لە چەپی تورک، بەهای چەپ و تێگەیشتن لێی بکرێت. لە تورکیادا چەپ لە بەهاکانی کوردبوون و کوردستانی بوون دوورە. هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی کوردان بخەنە ژێر کاریگەری، هەوڵی دوورخستنەوەی کوردان لە بەهای کوردبوون و کوردستانی بوون دەدرێت. دەبینرێت کە کوردان لە واقیعی پارچەبوون و دابەشبوونی کوردستان دوور دەخەنەوە. لەم رووەوە چەپی تورک زۆر لە کەمالیزم نزیکە. 

ژمارەی ئەو کوردانەش زۆر کەمە کە گەیشتوونەتە ئەم تێفکرینە و هەوڵی پێشخستنی هەڵوێستی کوردبوون و کوردستانی بوون دەدەن.

جەنگ لەگەڵ بەهای کوردبوون و کوردستانی بوون

لە سەرەتای ئەم نووسینەدا گوتەیەکی جەنەراڵی خانەنشین تونجەر کڵنچ هەیە کە دەڵێ:"شەڕ لەگەڵ پەکەکە بۆ ئێمە زۆر گرنگ نییە. چونکە ئێمە کۆنترۆڵی ئەو شەڕە دەکەین. بەڵام لە هەموویان مەترسیدارتر دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانە کە لە نزیک سنووری وڵاتەکەماندا وردە وردە کاری بۆ دەکرێت. ئێمە هەوڵدەدەین ئاستەنگ لەبەردەم ئەو ئامانجە دروست بکەین. دەبێت بڵێم کە ئێمە سەرکەوتوو بووین لەوەی حکومەتەکەی بارزانی بە خراپ نیشانی کوردانی تورکیا بدەین و لە بابەتەدا سەرکەوتنمان تۆمارکردووە".

هێرشەکانی پەکەکە/کەجەکە بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو هەڵوێستانەی کە بۆ لەنێوبردنی دەسکەوتەکانی کورد هەیەتی، هەروەها سووتاندنی ئاڵای کورد (رۆژئاوا) ... پێویستە لەم چوارچێوەیەدا هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت. ئەمانە نیشانی دەدەن کە پەکەکە/کەجەکە وازی لە دۆزی کورد و کوردستانی بوون هێناوە، دژایەتی بەهای کوردبوون و کوردستانی بوون دەکات و شەڕ بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی تورکیا، ئێران و سووریا دەکات. پێویستە ئەو گوتەیەی پەکەکە/کەجەکە کە دەڵێ "دەوڵەتی کوردان پێویست نییە" لە هەمان ئەو چوارچێویەدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. ئەو جۆرە تێڕوانینانە تێڕوانینی کوردان نین، بەڵکو تێڕوانینی دەوڵەتن. دەوڵەت کە توانیویەتی وا لەو کوردانە بکات ئەمە بڵێن، ئەوە دەسکەوتێکی زۆر گەورەیە بۆی. با سەرنج بدەین، ئەمە گوتەیەکە تەنیا بۆ کوردان دەگوترێت. بۆ نموونە پەکەکە/کەجەکە  هاوشێوەی تورکیا، ئێران و سووریا و رێکخراوە چالاکوانە مەدەنییەکانی ئەو وڵاتانە، دادکۆکی لە دەوڵەتێکی سەربەخۆی عەرەبی لە فەڵەستین دەکات. 

کەسانێک هەن کە لەو کاتەی کێشەی کورد/کوردستان دێتە ئاراوە، لە چوارچێوەی چارەسەر باس لە کۆنفیدراسیۆنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن. ئەمە هیچ وێنەدانەوەیەکی کردەیی نییە. ئەم جۆرە تێڕوانین و بۆچوونانە، جگە لە سەرقاڵکردنی کوردان هیچ هەنگاوێکی دیکەی بەدواوە نایەت. بەر لە هەموو شتێک رێگەی تێناچێت لە هیچ وڵاتێکی موسڵماندا دیموکراسی جێگیر بکرێت. لە هیچ وڵاتێکی موسڵماندا بنەماکانی دیموکراسیی وەکو؛ ئازادی، دادگەی سەربەخۆ، سەروەریی یاسا، بوونی چاودێریی داد بەسەر رێکارە کارگێڕییەکان، خۆبەڕێوەبەریی زانکۆکان، رێزگرتن لە مافی مرۆڤ لە دامەزراوەکان و هەڵوێستەکانیاندا بە هیچ میکانیزمێک نییە. نەوەک تەنیا لە شانشینەکاندا، بەڵکو جگە لە ئیسرائیل، لەو وڵاتانەشدا نییە کە دەگوترێت دیموکراسییان تێدا هەیە.   

لەم چوارچێوەیەدا، دەبینرێت بەشێک لە ئەکادیمیسیەنەکان باس لەوە دەکەن کە گوایە کوردان لە ساڵانی 1920کاندا شەمەندەفەرەکەیان لەدەستدا و ئیدی هیچ کارێک نییە ئەنجامی بدەن...و گوتەی هاوشێوە دەکەن و دەیانەوێ کوردان بە زۆر بخزێننە سەر ئەو سەکۆیە کە ئایدۆلۆژیای فەرمی قەبووڵ بکات. ئەم جۆرە تێڕوانینانە بچووکترین سوودیشیان بۆ کوردان نییە. ئەم بۆچوونانە تەنیا بێ هیوایی لای کوردان دروست دەکەن. ئەم جۆرە بۆچوونانە روونە کە پشتیوانیی هەڵوێستی دەوڵەت، بۆچوونەکانی و ئایدۆلۆژیاکانی دەکەن. ئەمە لە هەمان کاتدا بە جیددی وەرنەگرتنی هەڵوێستی ئەو ئەکادیمیسیەنانەیە کە کاری جیددی لەسەر ئایدۆلۆژیی فەرمی دەکەن. نیشانی دەدات کە بە پێویستی نازانن ئەو کارانەی ئەوان گەورە بکرێن.

لەم چوارچێوەیەدا دەبینرێت بەشێک لە ئەکادیمیسیەنەکان، گەنجەکان بە پلانی هەندێک خەونی وەکو 'دیموکراسیەتی و خۆسەری' دەخافڵێنن کە بەدیهاتنی مەحاڵە. دیارە کە ئەوان دەیانەوێ کوردان؛ کە خاک کۆڵەکەیە بۆیان، لەگەڵ نەتەوەیەکی وەکو چەرکەز بەراورد بکەن کە خاک کۆڵەکە نییە بۆیان. لەم گۆشەیەوە لێکۆڵینەوە کاری ئەکادیمیسیەنەکان سوودی هەیە.

 


ئیسماعیل بێشکچی

13.8.2023