image


پەیامی کورد... بۆ مێشکێکی تەندروست شیلک بخۆن

توێژینەوەیەکی نوێ هانی خواردنی شیلک دەدات، بەتایبەت بۆ گەورە ساڵان، دوای ئەوەی توانای ئەو میوەی لەسەر کەمکردنەوەی هەوکردنی مێشک، سنووردانان بۆ تووشبوون بە زەهایمەر بۆ دەرکەوت.

تیمی توێژینەوەکە، کە توێژەرانی زانکۆی ڕاش لە ویلایەتی ئیلینویی ئەمریکی سەرپەرشتییان کردووە دەڵێت، ئەو پێگەیشتووە تەمەن 65 ساڵ و زیاترانەی بەشێوەیەکی ڕێکخراو شیلک-یان خواردووە، ڕێژەیەکی کەمتری پرۆتینی (تاو) لە مێشکیاندا هەیە، کە هۆکاری بۆ تووشبوون بە نەخۆشی وەک زەهایمەر، لە ئەگەری بوونی ڕێژەیەکی زۆردا.

شیلک سەرچاوەی سەرەکیی ماددەی بیلانگۆنیدین-ە، کە باوەڕوایە دژە هەوکردن بێت، ئەم ماددەیە دەشێت لە توو، توور، فاسۆلیا و هەڵووژە-شدا هەبێت.

توێژینەوەکە لە گۆڤاری (نەخۆشیی زەهایمەر) بڵاوکرایەوە، توێژەران دەڵێن تاوتوێی دۆخی 575 نەخۆشیان کردووە، لە ناوەندی تەمەنی 91 ساڵدا، هیچکامیان تووشی زەهایمەر نەبوون.

توێژینەوەکە بۆ ماوەی 20 ساڵ بەردەوام بووە، بەشداربووان بەر لە مردنیان لە ڕاپرسییەکی ساڵانەدا ئەو سیستەمە خۆراکییەیان تۆمار کردووە کە پەیڕەویانکردووە.

لە ئەنجامدا دەرکەوتووە ئەو کۆمەڵەیەی شیلک-ی خواردووە ڕێژەیەکی کەمتری پرۆتینی (تاو)یان هەبووە.

دکتۆر جولی شنایدەر پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک، کە سەرپەرشتیی توێژینەوەکەی کردووە، وتی، ئەگەرێک هەیە کە تایبەتمەندییە دژ بە هەوکردنەکان لەو ماددەیەدا توانای کەمکردنەوەی هەوکردنی مێشک و دەماری هەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دەردانی سیتۆکین.

سیتۆکین پڕۆتینێکە ئەو خانانە دەریدەدات کە ڕەنگە ڕووبەڕووی هەوکردن ببێتەوە.

هەوکردنی مێشک بەهۆی چەند هۆکارێکەوە سەرهەڵدەدات وەک کەمخەوی، نەخۆشی و نیگەرانیی زۆر، ئەمەش هاریکاردەبێت لە زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی زەهایمەر.