image


پەیامی کورد... لە بەر ئەم پێنج هۆکارە خەیار بە توێکڵەوە بخۆ

خواردنی خەیار خوویەکی ڕۆژانەی ملیۆنان کەسە لە جیهاندا، پسپۆڕانی تەندروستی و بەتایبەتر بواری خۆراک رێنماییمان دەکەن، رۆژانە خەیار بخورێت بەهۆی ئەو سوودە ئەفسوناویانەی بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیەتی.

شێوازی خواردنی خەیار لە نێوان خەڵکدا جیاوازە، چونکە هەندێک پێیان باشە لە چەندین جۆری زەڵاتەدا بۆ پارچەی بچووک لەتی بکەن ، هەندێکی تریش خەیار و ئاو وەک خواردنەوەیەک دروست دەکەن کە سوودێکی زۆری بۆ تەندروستی هەیە، بەڵام شێوازی خواردنی خەیار زۆر گرنگە بۆ ئەوەی سوود لە هەموو پێکهاتەکانی وەربگیرێت.

لێرەدا پێنج هۆکار دەخەینەڕوو بۆ خواردنی خەیار بە توێکڵەکەیەوە.

گۆڤاری “فرۆدن”ی ئەڵمانی ئاماژە بەوە دەکات کە پێنج هۆکار هەیە بۆ ئەوەی مرۆڤ خەیار پاک نەکات و بە توێكلەکەیەوە بیخوات.

یەکەم: بەو پێیەی خەیار دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەکان و بە شێوەیەکی سەرەکیش لە توێکڵەکەیدا هەیە، بۆیە باشتر وایە ڕۆژانە خەیار لەگەڵ توێکڵەکەی بخورێت بۆ ئەوەی وزەت زیاتر بێت.

دووەم: خواردنی خەیار زۆر باشە بۆ تەندروستی دڵ، بەو پێیەی پۆتاسیۆمی ناو توێکڵەکانی بە تایبەتی بەرزی پەستانی خوێن کەمدەکاتەوە.

سێیەم: خەیار خۆراکێکی باشە دژی ژەهرەکان، توێکڵی خەیار یارمەتی تەندروستی کۆئەندامی هەرس دەدات، خەیار پێکتینی تێدایە، ڕیشاڵی تواوە لە توێکڵی خەیاردا هەیە و یارمەتی دەرهێنانی ژەهرەکان دەدات لە جەستەدا.

پێشتر توێژینەوەیەکی کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی ویلایەتی پێنسیلڤانیا لە ئەمریکا، پێشنیاری زیادکردنی خەیاری بۆ چەند خواردنێک کردووە، چونکە یارمەتی نەهێشتنی قەبزی دەدات، بەوپێیەی ڕیشاڵی بەسوود و ڕێژەیەکی زۆر لە ئاوی تێدایە..

چوارەم: خواردنی خەیار یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی سیمای مرۆڤ و بە گەنجی هێشتنەوە بۆ ماوەیەكی زۆر، چونکە ئەو دژە ئۆكسانە سروشتیانەی لە توێكڵی خەیاردا هەیە پرۆسەی پیربوونی جەستەی مرۆڤ خاو دەكاتەوە.

بەپێی ماڵپەڕی ئیت دێس، خەیار نزیکەی لەسەدا ٩٥ ئاوە، خواردنی خەیارێک ڕۆژانە ئەو شلەمەنیانەی بۆ جەستە گرنگە دابین دەکات کە پێویستی پێیەتی.

پێنجەم: بەو پێیەی ماددەی بێتا کارۆتینی تێدایە توێکڵی خەیار گرنگە بۆ تەندروستی چاو و سوودێکی زۆری هەیە.

خواردنی خەیار چەندان سوودی هەیە، بەو پێیەی ماددەی خۆراکی زۆر گرنگی تێدایە بۆ جەستەی مرۆڤ، دژە ئۆکسانە، یارمەتیدەرە لە دابەزاندنی کێش و دابەزاندنی شەکری خوێن و چەندین سوودی گرنگی تر.