image


پەیامی کورد … لە یەك ساڵدا بە بەهای زیاتر لە ١٣ ملیۆن دۆلار جگەرە هاوردەی هەرێم كراوە

 

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: لە ساڵی ٢٠٢٠ بە بەهای زیاتر لە ١٣ ملیۆن دۆلار جگەرە لە وڵاتانی دەرەوە هاوردەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كراوە.

 

فەتحی محەمەد وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە میدیای نزیك لە پارتی ڕاگەیاند:" رێژەیەكی زۆر جگەرە لە وڵاتانی دەرەوە و بەتایبەت لە وڵاتانی ئەوروپاوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێ، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بەروبوومی خۆماڵی ناتوانێت كێبركێی بەروبوومی هاوردە بكات، بۆیە جووتیاران رێژەیەكی كەم توتن دەچێنن و ناتوانن بەشێكی كەمیش پێداویستی ناوخۆ لە توتن دابین بكەن".

 

ئەوەشی خستەڕوو:" تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٠ بە بەهای زیاتر لە ١٣ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلار جگەرە لە وڵاتانی دەرەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە، بەم شێوەیە:- لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە بەهای دوو ملیۆن و ٧٥٠ هەزار دۆلار جگەرە هاوردەكراوە لە لایەن پێنج كۆمپانیاوە،لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بە بڕی دوو ملیۆن دۆلار و لە دەروازەی باشماخیش بە بڕی نۆ ملیۆن دۆلار جگەرە هاوردە كراوە".

 

ئاماژەی بەوەشكرد:" بەهۆی كەمیی نرخی ئەو جۆرە جگەرانەی لە وڵاتانی دەرەوە هاوردە دەكرێن، توتنی جووتیاران ناتوانێت كێبركێی توتن و جگەرەی هاوردەكراو بكەن، بۆیە بەشی زۆری ئەو توتن و جگەرانەی ئەمڕۆ لە بازاڕەكان هەن لە وڵاتانی دەرەوە هاوردەكراون".